سەفین دزەیی : ووڵاتانی دیکەش خواستی کردنەوەی کونسووڵگەریان لە ھەرێمی کوردستان هەیە

پەیامی کورد   ...   

چوارشەممە، بەمەبەستی ھاوکاری ھەماھەنگی زیاتر، سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەشێکی زۆری ستافی ناوخۆیی کونسووڵگەری و نوێنەرانی ووڵاتانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان کرد. 

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ھەڵگورد ساڵەیی ڕاوێژکار لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بەخێرھاتنی ساڵی تازەی لێکردن و ئامانجی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو لەگەڵ پێشکەشکردنی پوختەیەک لەسەر پێکھاتەی تازەی کارگێڕی فەرمانگە. 

دواتر سەفین موحسین دزەیی لەوتەیەکدا ئاماژەی بە سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ دونیای دەرەوەو بایەخ و گرینگی پێگەی ھەرێمی کوردستان کرد لە ناوچەکە، بەڕێزیان جەختی لە زیاتر پێشخستنی پەیوەندییەکان کردەوە لە پێناو سوودو بەرژەوەندی ھەردوولا، لەم بارەیەوە گوتی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو چەندین ووڵات نوێنەرایەتیان لە ھەرێم کردۆتەوەو چەندین ووڵاتی دیکەش ئەو خواستەیان ھەیە. 

دزەیی ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خستەڕوو بۆ ھاوکاری و کارئاسانی لە نێوان نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و دامەزراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.

لەمبارەیەوە ووتیشی: فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە خاڵی بەیەوەکەوە گەیاندنی ئێوە و دامەزراوەکانی حکوومەتە، لەم ڕووەوە بەڕێوەبەرایەتیەکانی نێو فەرمانگە ئامادەن ھاوکارتان بن لە ھەموو ئەو کاروبارە فەرمیانەی لێرە ھەتانە.


ئەم بابەتە 102 جار خوێندراوەتەوە