سەنتەری ڕووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان کرایەوە
دەیچۆل عەبدۆڵڵا نوێنەری رێکخراوی یونیسێف لە عێراق رایگهیاند: سێ سەنتەر بۆ رزگاربووانی توندوتیژی جێندەری کراونەتەوە کە ساڵانە دەتوانێت خزمەتگوزاری پێشکەیش بە نزیکەی ٦٠ ھەزار ئافرەت و منداڵ بکات.
بە مەبەستی ھاوکاریکردنی دەروونی و تەندرووستی گشتی بۆ ئەو ئافرەتانەی کە رووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە، سەنتەری چارەسەری رووبەڕووبووانی تووندوتیژی لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵان لە ھەولێر کرایەوە.
لە رێورەسمێکدا بەڕێوبەری نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵان لە ھەولێر، دکتۆرە شادان شێروان حەیدەری رایگەیاند کە ئەو سەنتەرە کاردەکات بۆ ئەوەی ھاوکارییە تەندرووستی و دەروونییەکان پێشکەش بەو ئافرەتانە بکات کە رووبەڕووی تووندوتیژی بوونەتەوە.
پڕۆژەکە لەلایەن رێکخراوی یونیسێف و کۆرۆدید کاری تیاداکراوە.
لە میانی رێورەسمەکدا، نوێنەری رێکخراوی یونیسێف لە عێراق، دەیچۆل عەبدۆڵڵا رایگەیاند کە سەدا ٨٠ی ئەو پڕۆژانەی کە رێکخراوەکە ئەنجامی داوە، پەیوەستن بە منداڵان و ئافرەتانەوە.
دەیچۆل عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد کە ئەمساڵ رێکخراوەکە سێ سەنتەری بۆ رزگاربووانی توندوتیژی جێندەری کردووەتەوە کە ساڵانە دەتوانێت خزمەتگوزاری پێشکەش بە نزیکەی ٦٠ھەزار ئافرەت و منداڵ بکات و ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات تاوەکو زۆرترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە ئافرەتان بکات و لە ھەمانکاتیشدا کار دەکات بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی و کارکردن بۆ زیاتر ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا.
سەنتەری خزمەتگوزاریی بۆ ئەو ئافرەتانەی رووبەڕووی تووندوتیژی بوونەتەوە، بریتییە لە ناوەندی راوێژکاریی و چارەسەری جەستەیی و دەروونیی بۆ ئافرەتان کە ھەریەک لە وەزارەتی تەندروستی، ناوخۆ و کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ھەماھەنگی دەکەن بۆ بەڕێوبردنی سەنتەرەکە و وەزارەتی تەندرووستی ھەرێمی کوردستان کارمەند، کەرەستە و خەرجییەکانی لە ئەستۆ دەگرێت.
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە