سەنگەرەکانی پێشەوەی هیزی پێشمەرگە لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بەسەر کرایەوە

پەیامی کورد      ...    سەنگەرەکانی پێشەوەی هیزی پێشمەرگە لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بەسەر کرایەوە

شاندێکی سەربازی هاوپەیمانان بە مەبەستی ھەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی سەردانی سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگەیان کرد و لەلایەن سیروان بارزانییەوە پێشوازییان لێکرا.

ئەمڕۆ شەممە شاندێکی سەربازی ھاوپەیمانان کە پێکھاتبوون لە راوێژکارانی ھەر یەک لە ووڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئاڵمانیا، كەنەدا، ھۆڵەندا و فینلەندا سەردانی بارەگای میحوەری ٦ ـی سەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگەیان کرد. 

سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی هێزی پێشمەرگە لە پەڕەی فەیسبووکی خۆی لەبارەی سەردانەکەوە رایگەیاند: "شاندەکە بە سەرپەرشتی کۆلۆنێل لایێنچ، بەرپرسی ھێزە تایبەتیەکانی ئەمریکا لە عێراق و کۆلۆنێل ویلیامس، بەڕێوبەری سەنتەری ھاوئاهەنگی ھاوپەیمانان لە کوردستان و کۆلۆنێل کلین، فەرماندەی دەستەی باڵای سەنتەری راوێژکارانی ھاوپەیمانان لە کوردستان بووە".

لەبارەی ئامانجی سەردانەکە سیروان بارزانی دەڵێت: "سەردانەکە بە مەبەستی ھەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی و گرتنەبەری رێکار و ھەنگاوی پێویست بۆ ووڵامدانەوەی ھەر جووڵە و کردەیەکی تیرۆریستانی داعش بووە".

لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی رابردووش، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان ٢٨ جار داعشیان بۆردوومانکرد و ١٠ بنکەیانی خاپوورکرد.

لە ماوەی چەند مانگی رابردووشدا جمووجۆڵی چەکدارانی داعش لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و داعش بەردەوامە لە هێرش و پەلامار و دانانەوەی بۆسەکانی.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە