شارلی ئێبدۆ تورکیا تووڕە دەکات " تەنها چارەنووس (مەرگ) لە دەستی ئەو ڕزگارمان دەکات "

پەیامی کورد   ...  شارلی ئێبدۆ تورکیا تووڕە دەکات " تەنها چارەنووس (مەرگ) لە دەستی ئەو ڕزگارمان دەکات "

گۆڤاری "چارلی ئیبدۆ"ی تەنزئامێزی فەڕەنسی لەڕێگای کاریکاتێرێکەوە سووکایەتی بە رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دەکات و ئەمەش حکوومەتی تورکیای نیگەران کردووە، گۆڤارەکە لەپاڵ وێنە کاریکاتۆرییەکەی ئەردۆغاندا نووسیویەتی: "تەنها چارەنووس (مەرگ) لە دەستی ئەو ڕزگارمان دەکات".

لەبەرامبەردا، فەخرەددین ئاڵتوون سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاندووە: گۆڤاری چارلی ئیبدۆ کە لەڕێگای سووکایەتییکردن  و جنێو و گاڵتەکردنەوە پێگەیەکی جیهانی پەیداکردووە، جارێکی تر لەڕێگای کاریکاتۆرێکی نوێوە کە رەجەب تەییب ئەردۆغانی بەئامانج گرتووە، سەلماندییەوە کە چەند بێزراو و قێزەونە.

هەروەک دەڵێت: ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی سەرۆکەکەمان لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا بەدەستی هێنا، خەوی لە چاوی ئەو کەسە بێشەرەفانە زڕاندووە و  و وای لێکردن دەروونە نەخۆشەکانیان ئاشکرا بکەن و ڕق و کینە و خراپەکاری لە سنگیاندا دەربکەن.

لای خۆیەوە مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە تویتێکدا گۆڤارەکەی بە "چرووک" وەسف کردووە و رایگەیاندووە کە گۆڤارەکە هیچی لە مرۆڤایەتیی بەرنەکەوتووە و بەردەوامە لە سووکایەتییکردن بە گەلی تورک.

باسی لەوەشکردووە، ئەو گۆڤارەی کە ستایشی خراپەکاریی دەکات، ناتوانێت لە ڕێگەی گەمەی جۆراوجۆرەوە ئیرادەی ئازادی نەتەوەی تورک بشکێنێت.

هەروەک عومەر ئەچلیک، وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا ڕایگەیاندووە:گۆڤارەکە بڵاوکراوەی تاوانەکانی ڕق و کینەیە و بەئامانجگرتنی ئەو هەموو مۆڵگەی ڕق و کینە لە سەرۆکەکەمان بەرهەمی عەقڵیەتی فاشیستیانەیە.

چارلی هێبدۆ گۆڤارێکی هەفتانەی فەرەنسییە و لە ساڵی 1970 دامەزراوە، بڵاوکراوەکانی تەنزئامێزن و بە وێنەی کاریکاتێری پەیام ئاڕاستەی ئەو کەسانە دەکات کە بەئامانجیان دەگرێت.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە