شارەزایەکی دەستوور : دادگای فیدراڵی دژی ماددەی ٩٢ی دەستووری عێراقە

پەیامی کورد    ...    شارەزایەکی دەستوور : دادگای فیدراڵی دژی ماددەی ٩٢ی دەستووری عێراقە

سەرۆک بارزانی لە دیدارێکی ڕادیۆی مونتیکارلۆ لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی باس لەوە دەکات، بەداخەوە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی ھەمووی دژی ھەرێمی کوردستانە و بە تەواوی لایەنگری پێوەدیارە، بڕیارەکانی بە ئینساف و دادپەروەرانە نییە، لەبەرامبەردا شارەزایەکی یاسا و دەستووری عێراق دەڵێت: دادگای فیدراڵی خۆی دژی ماددەی ٩٢ی دەستووری عێراقە و بڕیارەکانیشی ھیچی دەستووری نین و دژی سیستەمی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستانن.

موحسێن سەعدوون، شارەزای یاسا و دەستووری عێراق، ڕایگەیاند : دیداری سەرۆک بارزانی لەگەڵ ڕادیۆی مونتیکارلۆ ھەڵوێستی لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە جێگەی خۆیدابوو، بەھۆی ئەوەی بڕیارەکانی ئەو دادگایە ھەموو دەستووری نین و دژی سیستەمی فیدراڵین لە ھەرێمی کوردستان، ئەو دادگایە و ئەندامەکانی لە پەرلەمان دەنگیان لەسەر نەداوە، بەپێی ماددەی ٩٢ی دەستووری عێراق لە سەر دادگای فیدراڵی پێویستە پەرلەمان دەنگ لەسەر یاسای دادگاکە بدات، بۆیە ئەو دادگایە دەستووری نییە و بڕیارەکانیشی ھەمووی دژی ھەرێمی کوردستانن و بە جۆرێکن ناتوانرێ تانەی لێ بدرێت و ڕەتکردنەوەی نییە، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی مەترسیدارە.
موحسێن سەعدوون ووتیشی : سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد عێراق سەقامگیر نابێت تا دەستوور جێبەجێ نەکرێت و دادگا داپەروەری پەیڕەو نەکات، ئێستا بەو شێوەیە سیستمی فیدراڵی جێبەجێ ناکرێت و سەقامگیری بەرقەرار نابێت، بۆیە پێویستە  ھەڵوێستێکی گشتی ھەبێت، کورد خەباتێکی زۆری بۆ فیدراڵی کردووە و قوربانی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی بگەینە ئەم قۆناغە، پێویستە ئەو قۆناغە مەترسیدارە ڕێی لێق بگیرێت، باشترین ڕێگریش ئەوەیە ھەموو لایەنە کوردییەکان ئەوە بزانن، ناکرێت ناکۆکییان لەسەر حیسابی سیستەمی فیدراڵی بێت، ئێمە نزیکین لە بوونە دەوڵەت، بۆیە سیستەمی فیدراڵی تایبەتمەندی لە عێراق ھەیە، نابێت ڕێگە بدەین لەدەستی بدەین و ڕێگە نەدرێت عێراق زیادەڕەوی بەسەر ھەرێمی کوردستاندا بکات.
دەشڵێت: پێویستە ھەڵمەتێکی فراوان دست پێ بکرێت و نیشانی جیھان بدەین ئەو دادگایە وا لە عێراق دەکات سەقامگیر نەبێت و بڕیارەکانی دژی ھەرێمی کوردستانە، پێویستە ھەمووان ئاگاداری ئەو ھەنگاوە مەترسیدارانەی دادگای فیدڕاڵی بن.


ئەم بابەتە 11569 جار خوێندراوەتەوە