شارەوانی هەولێر بۆ زیاتر گەیاندنی خزمەت بە خەڵکی شارەکە پڕۆژەیەکی سوودمەند دەخاتە واری جێبەجێ کردنەوە

پەیامی کورد     ...    شارەوانی هەولێر بۆ زیاتر گەیاندنی خزمەت بە خەڵکی شارەکە پڕۆژەیەکی سوودمەند دەخاتە واری جێبەجێ کردنەوە

سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر پڕۆژەیەک بۆ خزمەتکردنی خەڵکی هەژار ڕادەگەێنێت و سەرۆکی شارەوانییش دەڵێت، مەبەست لە پڕۆژەکە سوودمەند بوونی خەڵکی هەژاری شاری هەولێرە.

عەبدۆلواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، ڕایگەیاند: "شارەوانیی هەولێر لەگەڵ ڕێکخراوێک پڕۆژەیەکی ئامادە کردووە و دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە. پڕۆژەکەش بریتییە لە دانانی ژمارەیەک سندووق بۆ کۆکردنەوەی جل و بەرگی بەکارهاتوو کە دواتر بەسەر خەڵکی کەمدەرامەتدا دابەش دەکرێت، ئەوەش لەپێناو هاوکاریکردنی هاووڵاتییانی کەمدەرامەت و هەژاردا."

سەرۆکی شارەوانی هەولێر دەشڵێت: "لە زۆربەی گەڕەکانی شاری هەولێر سندووق دەکەینەوە و خەڵکێکی خواپێدراو هەیە جل و بەرگی مارکە و باش بەکار دێنن و دوای ماوەیەکی کەم بەکاری ناهێنن، ئێمە وەک شارەوانی هەموو ئەو جلوبەرگانە کۆ دەکەینەوە و دوای قۆناغی شوشتن بەسەر خەڵکی هەژاردا دابەشیان دەکەین."

عەبدۆلواحید ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "پڕۆژەی هاوشێوە لە ووڵاتان هەیە و مەبەست لێی ئەوەیە پردێک درووست بکەین لە نێوان خەڵکی خواپێدراو و هەژاردا تا بە شێوەیەکی پێشکەوتوو سوود بە خەڵکی خۆمان بگەیەنین."


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە