شاناز ئێبراهیم ئەحمەد ڕوونکردنەوەی تەواو سەبارەت بە کێشە و ناکۆکییەکانی ناوخۆی حێزبەکەی ئاشکرا دەکات

پەیامی کورد     ...    شاناز ئێبراهیم ئەحمەد ڕوونکردنەوەی تەواو سەبارەت بە کێشە و ناکۆکییەکانی ناوخۆی حێزبەکەی ئاشکرا دەکات

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان باس لە کێشەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆرکانی حزبەکەی دەکات، دەڵێت، "ئەمەی ڕوویداوە کێشەی خێزانی نیـیە، بەڵکوو کێشەیەکی تەواو حزبیـیە".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی کێشەکانی ناوخۆی حزبەکەی رایگەیاندووە، "لە ڕاستیدا ئەوەی کە ڕوویداوە من ناتوانم بڵێم کە کێشەیەکی بنەماڵەییە، چوونکە ئەو کێشەیە پەیوەندی بە دوو کەسایەتی ئەم هەرێمەوە هەیە، کە دوو کەسایەتی گشتین و هەردووکیشیان هاوسەرۆکی حزبێکن کە ئەیخاتە چوارچێوەی کێشەیەکی حزبییەوە، ڕاستە هەر هەموومان ئومێدێکی زۆر زۆرمان هەبو یەکێتی کە درووشمەکەمان نوێبوونەوەی یەکێتی بوە، لەو کاتەشەوە کە دەستمان کردوە بە ئیش لە دوای کۆنگرەوە بە دەیان لیژان دانراون، من ئەوەندەی لە خەیاڵمدا بێت تاوەکوو ئێستا 27 لیژنەم حساب کردوە کە ئەم لیژنانە دانراون بۆ ئەو چاکسازییەی کە ئێمە وەکوو حزب بڕیارماندابوو بیکەین لە ناو حزبەکەدا، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەوەشدا کە لیژنەکان ئیش و کارەکانی خۆیان جێبەجێ دەکرد و پێشنیارەکانی خۆیان بەرز دەکردەوە ئەگەیشتە شوێنێک و ئەچەقی".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم کێشانەی کە ڕوویانداوە بە ڕاستی کێشەی حزبین، ڕاستە ئەو دوو کەسە خزمی یەکتری بوونە کە لەو ڕووەوە ئەکرێت تۆ بڵێیت خراوەتە چوارچێوەی عائیلەوییەوە، "بە ڕەئی من هەر لە سەرەتاوە هەڵەبو کە بە ناوی کێشەی بنەماڵەیی یەوە ناوی لێبنرێت چوونکە کێشەکە زیاتر پەیوەندی بە حزبەکەمانەوە هەبوو".

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد باسی لەوەشکردوە، "ئەگەر تۆ وەکوو لە چوارچێوەی حزبیدا تەماشای بکەیت، ئەو گۆڕانکارییانەی کە کراون، ئەو هەڵوێستانەی کە وەرگیراون بە ڕاستی بەشێکی پەیوەندی بە حکوومەتەوە هەبوە، بەشێکی پەیوەندی بە حزبەوە هەبوە، هەمو ئەو گۆڕانکاریـیانەی کە بەرنامەی بۆ دانراوە و پێشتر باسی لێوەکراوە، هەندێکی وەکوو ووتم پەیوەندی بە حکوومەتەوەیە، حکوومەت خۆی، ڕاستە ئەوانە هەندێکی نوێنەری حزبن، بەڵام حزب داوا لە حکوومەت دەکات بیگۆڕێت وە هەروەها ئێمە چەند جار لە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسیدا باسی ئاڵوگۆڕمان کردوە کە پۆستەکان هەندێکی دەبێت گۆڕانکاری تێدا بێت، هەندێکی زۆر دەمێکە لەو شوێنانە ماوەتەوە، هەندێکی پێویستە خەڵکی بە ئەزموون بێنە پێشەوە، هەندێکی بەو شێوازە مامەڵەی نەکردوە لەگەڵ خەڵکدا، لەبەر ئەوە خەڵک لێی ڕازی نیـیە، تەنانەت لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ گۆڕانیشدا باسی ئەوەمان کردوە کە پۆستە خۆجێییەکان و پۆستەکانی کە هەمانە، پێداچوونەوە بە هەر هەموویاندا بکرێت و ئەو گۆڕانکارییانە بکرێن".

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەم بڕیارە بڕیاری سەرجەم سەرکردایەتی یەکێتییە؟، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت، "بەڵێ، ئەتوانم بڵێم ئەو گۆڕانکارییانەی کە داوامان کردوە گۆڕانکاری هەموو حزبەکە بوە، چوونکە پێم ووتن لە چەندین دانیشتن دا ئێمە داوای گۆڕانکاریمان کردوە، وە بە باوەڕی من گۆڕینی دوو پۆست لەناو حزبێکدا بە ڕاستی پێویستی بەم هەموو کێشە و گرفت و ئاڵۆزییە نەدەکرد، چوونکە هەر کەسێک دەبێت باوەڕ بە ئەوە بکات کە لە پۆستێکدا لاببرێت بە تایبەتیش ئەو کەسانەی کە چەند سکاڵای خەڵک لەسەر کەسێک کە لە پۆستێکدا دانراوە تۆ وەکوو حزب وە وەکوو حکوومەتیش دەبێت ئیجرائات بەرامبەر بەو هینانە بکەیت".

لەبارەی ئەوەی کە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بە ڕۆڵی ئەو دەکرێت وەکوو ئەندازیاری لادانی لاهوور شێخ جەنگی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد وتوویەتی، "وەڵاهی من زۆر پێکەنینم بەو بابەتە دێت، زۆر کەس باس لەوە دەکات و زۆر کەسیش دەیخاتە چوارچێوەی کودەتاوە و نازانم لەم قسانەی کە دەکرێت لەمبەر و لەوبەردا، من خۆم کارگێری ئەم حزبەم وە لە پلەیەکی زۆر بەرزدام وە هیچ کاتێکیش هیوای ئەوەم نەبوە کە کەسی یەکەم بم وە ناشمەوێت بەرپرسیارێتی حزبێکی ٤٦ ساڵە بخەمە سەر شانی خۆم وە ئەگەر پلانەکەش یا هەر شتێک کە ئەو خەڵکە باسی لێوە دەکات، ئیتر بە هەر چ ناوێک ناوی دەبات بۆ ئەوە بێت کە پلەی خوشکەزاکانی خۆم بەرز بکەمەوە و بیانکەم بە کەسی یەکەم بە ڕاستی ئەوان هەردووکیان کەسی یەکەمن لە حکوومەتدا پلەی لەوە بەرزترمان نیـیە، هەتاوەکوو هەوڵبدەم خوشکەزایەکم پلەکەی لەوە بەرزتربێت، لە حزبیشدا پلەی لەوە بەرزترمان نەبوە کە هەوڵی بەرزکردنەوەی پلەی بافڵی بۆ بدەم، بۆیە زۆر زۆرم پێ سەیرە ئەو خەڵکە بە بێ ئەوەی بیری لێبکاتەوە شوێن کۆمەڵێک قسە و پڕوپاگەندە دەکەوێتم".

ووتیشی، "راستە ئەو دو خوشکەزایەی من بەبێ پلەش بە حوکمی دایک و باوکیان گەورەترین پلەیان هەیە، یانی شتەکە زۆر بە نادادپەروەرانە و بەبێ بیرکردنەوە لەناو خەڵکدا ئەو تۆمەتە بڵاودەکرێتەوە کە بەداخەوە شتێکی زۆر ناشرینە نەحزبییانەیە، بۆیە ناتوانم بیخەمە چوارچێوەی هیچ شتێکەوە جگە لە تۆمەتبارکردن و ناشرینکردنی ناوم".

لەبارەی ئەوەی کە دەوترێت ئەوەی روویداوە کودەتا یان دەستی ووڵاتانی وەک تورکیا و ئێرانی لە پشتە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ووتی، "لە ڕاستیدا ئەمە هیچ بنەما و ئەساسێکی نیـیە و بە هیچ شێوەیەک ڕاستی تێدا نیـیە، درۆیەکی شاخدارە، زۆر زۆر بە داخەوە، ئەوە کێشەیەکی حیزبیە من هەرگیز لەو بڕوایەدا نیم کە ئەو ووڵاتانە، هەر یەکێک لەو ووڵاتانە کێشەیەکی زۆر زۆری ناوخۆی خۆی هەیە، کێشەی ووڵاتەکانی خۆیان هەیە، ئایا ئەوان هیچ ئیش و کاریان نیـیە دابنیشن دەسیسە دابنێن و داوا لە یەکێتی بکەن بەرپرسی کەرتێک یان بەرپرسی کۆمیتەیەک یان بەرپرسی دام و دەزگایەکمان لاببرێت، من نازانم بۆ ئەو خەڵکە ئەم گۆڕانکارییەی خستوەتە بابەتێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی و ئەم شتانەوە، من دووبارەی دەکەمەوە ئەسڵ و ئەساسی نیـیە وە درۆیەکی زۆر گەورەیە".

پەیوەست بەو تاوانانەی کە ئاڕاستەی لاهوور شێخ جەنگی کراوە، دەڵێت، "هەندێک شت هەیە کە زۆر زوو دەتوانی بیسەلمێنیت ، هەندێکی پێویستی بە لێژنە هەیە پـێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە، پێویستی بە کۆکردنەوەی بەڵگەی زۆرتر هەیە، هەندێکی من دەتوانم بڵێم بەڵێ بەڵگە هەیە، بەڵێ بەڵگەکان هەموی ئامادەن، هەندێک لەو بەڵگانە و ئەو هەڵوێستانەی کە دەبێت بەرامبەر بەو تۆمەتە وەکوو کە خۆتان دەڵێن ئەو تۆماتانەی خەڵک باسی دەکات، ئەوە دەبێت لە ڕووی یاساییەوە ڕوبەڕوی یاسا بکرێتەوە، چونکە ئێمە حاکم نین و مەحکەمە نین، ئێمە کۆمەڵێک شت هاتوەتە پێشەوە، بە بەڵگەوە هەیە وە هێشتا لیژنەکانیش بەردەوامن لە ئیش و کارەکانی خۆیان، هەر کاتێک ئەو لیژنانە کاروباری خۆیانیان تەواو کرد بۆ مەسەلەی ژەهر خواردنی بافڵ من ناتوانم ئینکاری ئەوە بکەم کە ئەو کارە نەکراوە، بەڵێ کراوە، ئەوەش کارێکی زۆر زۆر ناشیرین بوو، نە ئەبوایە هەرگیز هیچ کەسێک لەم سەدەیەدا لە ساڵی 2021 دا پەنا بەرێتە بەر ئەو شێوازی لەناوبردنی ڕکابەرەکەی یان براکەی یان ئامۆزاکەی یان هاوسەرۆکەکەی خۆی، ئەوە کارێکی زۆر زۆر نا بەجێ بو".

لەووڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی ئەو تۆمەتانە ساڵێک بەر لە ئێستا ئاڕاستەی لاهوور شێخ جەنگی نەکراوە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ووتی، "لە ڕاستیدا ئەم شتانە هەمووی وەکوو باسیشم لێوەکرد هەمووی مقۆ مقۆ بوو، خەڵک باسی دەکرد، لەناو شار باس دەکرا، لەناو حزبدا باس دەکرا، بەڵام ئەوە بوو بە ئیجرائاتێکی حیزبی بەرامبەر بەم هەموو مقۆ مقۆ و بەم هەموو قسە و بێنە و بەردانە نەئەکرا، من نایشارمەوە بەشێک لەوانەش دەگەڕێتەوە بۆ میدیا و ئەم سۆشیاڵ میدیایانە کە شتەکانیان بە شێوازێک تێکەڵ بە یەکتری دەکرد کە وەهای لێدەهات تۆ بڕوا بەم قسانەش نەکەیت، یانی تاوەکوو تۆ لێکۆڵینەوەی تێدا نەکەیت ناتوانێت بڕوا بە مقۆ مقۆ و قسە و بانگەشەی خەڵک بکەیت، کە تۆ مەسەلەن جەنابت لێرە ناژیت هیچ پەیوەندیـیەکت نیـیە بۆ نمونە بڵێین بە ئەزمەڕەوە، ئەگەر شتێک بڵاوئەکرێتەوە ئەڵێی فڵان ئەوەی کردوە و فیسار ئەمەی کردوە ئەمە ئەوەی کردوە، جەنابیشت ئەزمەڕت داگیرکردوە کە خۆت لە خۆت مسۆگەر بیت کە هیچ پەیوەندیت بە ئەزمەڕەوە نیـیە، لەبەر ئەوە وەهای لێدەکات ئەم شێوازی بانگەشەکردنە کە تۆ بڕوا بە هەواڵەکەی تریش نەکەیت. بەڵێ ئەم ئیجرائاتانە لە ڕاستیدا وەکوو پێم ووتن، ئێمە ٢٧ لیژنە تاوەکوو ئێستا ئیشی کردوە، بەشێک لەو لیژنانەش پەیوەندی بەو چاکسازییانەوە بوە بە ڕاگرتنی ئەم هەموو بانگەشە بوە، ئەو هەموو زەوینە داگیرکراوە ئەو هەموو زەوینە فرۆشراوە، ئەو هەموو داگیرکارییە کراوە".

روونیشیکردوەتەوە، "هەندێک مەسەلە هەبوە پەیوەندی بە مەتاری سلێمانیەوە هەبوە، هەندێکی پەیوەندی بە سەرانە سەندن هەبوە لە سەرمایەدارەکان، هەموو ئەمانە کێشە بوونە هاتونەتە پێشەوە، وە ئەم کێشەیەی کە ئێستا لە فڵان ڕۆژەدا یان لە فڵان دەقە و سانیەدا ڕویانداوە شتێک نەبوە کە بڵێیت لە ناو حزبدا ڕوویان‌ دابێت. نەخێر پێشتر لێکۆڵینەوە بۆ زۆر بابەتی لەوانە کراون، وە ئەو کاتە هەوڵدرا کە بەبێ تێوەگلاندنی هەموو شتێک ئەو شتانە چارەسەربکڕێن و ڕێگری بکرێت و ڕابگیرێت، بەڵام بە داخەوە نەکرا، کە نەکرا تۆ ناتوانیت هەر بەردەوام بیت و بهێڵیت ئەو خەڵکە بەو شێوەیە ئازار بکێشێت".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر باس لە گەندەڵی لاهوور شێخ جەنگی دەکرێت، ئەو کەسانەی کە دەستیان بەسەر کۆمپانیاکانی جگەرە هاوردن، دەرمان، یان ئەو کەسانەی دەستیان بەسەر زەوییەکاندا گرتوە چی؟، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت، "تۆ دەڵێیت ئێستا مەسەلەی گەندەڵی کەس نەیوتوە کە لاهوور یانی ئیتیهامەکە بیدا بەو، لەوانیە زۆری ئەم لێژنانە هەندێک لەو شتانە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەوەوە نەبێت، کە ئێمە ئەڵێین لێژنە دانراوە، لێکۆڵینەوە کراوە، پیاداچوونەوە کراوە بە مەسەلەی ئەرزەیە، مەسەلەی جگەرەیە، مەسەلەی مەتارە، مەسەلەی نازانم چیـیە، خەڵکێکی تریش دەستی هەیە لەو شتانە، دەرمانە، هەر شتێکە، ئەمە تەنها کەسێک نیـیە کە تۆ ڕووبەڕووی بڵێیت هەموو ئەمانە فڵان کەس کردوویەتی، نەخێر وەها نیـیە، لە هەموو کێشەیەکدا کۆمەڵێك خەڵکن، هەموو ئەو کەسانە دەبێت ڕووبەڕووی دادگا ببنەوە، ئەم مەسەلەیە تکایە با نەچێتە چوارچێوەی ئەوەی کە هەموو ئەو شتانە ئەو بە تەنیا کردوویەتی، نەخێر هەندێک شت کە کراوە لەوانەیە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەوەوە نەبێت، پەیوەندی بە کەسێکی نزیکیەوە هەبێت یان پەیوەندی بە هاوڕێیەکمانەوە هەبێت، یان پەیوەندی بە کەسێکی ترەوە هەبێت لەناو حزبەکە یان پێشووتر لە حزبەکەدا بووبێت، ئەوانە هەمووی من دڵنیام کە هەموو ئەو کەیسانە هەموو ئەو بابەتانە کە لێکۆڵینەوەی لێکراوە بە ویژدانەوە، بە ڕاستییەوە دەدرێتە دەستی یاسا وە لە ڕێی یاساوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت".

لەووڵامی ئەو پرسیارەی کە دەوترێت ئەوەی بەرامبەر بە لاهوور کرا، تەنیا ترس بوو لە فراوانی جەماوەری ئەو کەسە، ئایا وایە؟ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند، "وەڵاهی نازانم ئەو قسەیە بۆ کراوە، چوونکە ئێمە هەموو جارێک دڵخۆشین وەکوو یەکێتی لە جەماوەری کولی تاکێکمان، چوونکە لە کۆتاییدا جەماوەری کولی تاکێکمان دەبێتە جەماوەری یەکێتی، لەوانەیە کۆمەڵێک کەس فڵانی بەدڵ بێت و کۆمەڵێک کەسی دیکە فڵانی بە دڵ بێت، بەڵام کۆی ئەو خەڵکە جەماوەری یەکێتییە، لەبەر ئەوە نازانم مرۆڤ بۆ دەبێت بترسێت لە کەسێک کە جەماوەرەکەی جەماوەری یەکێتی بێت، ئەوانە جەماوەری شەخس نیین کە شوێن ئەحمەد یان مەحموودی ئەم حزبە کەوتوە، لەبەر یەکێتی بوونی شوێنی کەوتوە، لەبەر ئەوەی خوێنی بۆ ئەم حیزبە ڕشتوە، شوێنی کەوتوە لەبەر ئەوەی میژووی لەم حزبەدا هەیە شوێنی کەوتوە، بۆیە ئەو خەڵکە جەماوەری یەکێتین کەسیش ترسی لە جەماوەری یەکێتی نیـیە".

لەبارەی ئەوەی ئایا لە دوای دوورخستنەوەی لاهوور شێخ جەنگی، یەکێتی دەچێتە بەرەی شەڕ دژی پەکەکە، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت، "نەخێر بە هیچ شێوەیەک، چوونکە ئەو بڕیارە، بڕیاری تەحریمکردن و تەجریمکردنی شەڕی کورد و کورد لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە ئیمزاکراوە، بە لاچوونی من یان بە لاچوونی لاهوور یان بە لاچوونی هیچ کەسێک ئەو بڕیارە ناگۆڕێت، ئەوە بڕیارێکی تەواو حزبییە، یەکێتی ئەو بڕیارەی داوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک ئەسڵ و ئەساسی نیـیە، ئەو بڕیارانە بڕیاری شەخس نەبوون، بەڵکوو بڕیاری خودی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە".


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە