شاندى دانوستانكارى حكوومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ فراكسیۆنى پارتى كۆ بوونه‌وه‌

پەیامی کورد    ...    شاندى دانوستانكارى حكوومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ فراكسیۆنى پارتى كۆ بوونه‌وه‌

سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌ڵێت، بۆ پێدانى دوایین زانیارى و ئاگاداربوون له‌ وورده‌كاری دانووستانه‌كان شاندى دانووستانكارى حكوومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كه‌یان كۆ بوونه‌وه‌  .

له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌وە، د. ڤیان سه‌برى، ڕایگەیاند : "ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌، شاندى دانووستانكارى حكوومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئێمه‌ وه‌كوو فراكسیۆنى پارتى كۆ بوونه‌وه، بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر دوایین پێشهات و ئه‌نجام له‌ دانووستاندنه‌كان، شانده‌كه‌ ناوه‌ڕۆكى ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ى له‌م ماوه‌یه‌ ئه‌نجامیان داوه‌، هه‌روه‌ها ده‌رئه‌نجامى دانیشتنه‌كانیان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایى و لایه‌نه ‌سیاسییه‌كان خسته‌ ڕوو ‌."‌

سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، زیاتر ووتی: "زۆر گرینگه‌ كورد به‌ یه‌كه‌وه‌ پشتگیرى له‌ ئه‌ندامانى خۆمان وه‌كوو كورد له ‌لیژنه‌ى دارایى بكه‌ین و، به ‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ داكۆكیكردن له‌ مافى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها پشتگیرى له‌و مادده‌یه‌ ده‌كه‌ین كه‌‌ له‌نێو پرۆژه‌یاساى بوودجه‌ گشتی ٢٠٢١ ى فیدڕاڵى له‌باره‌ى هه‌رێمى كوردستانەوە به‌و شێوازه‌ى كه‌ له‌لای حكوومه‌تەوە هاتووه  ."

ڤیان سه‌برى ووتیشى: "ئاماده‌كارى خۆمان بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك كردووه‌ و بابه‌تى خۆمان ئاماده ‌كردووه‌، زۆر گرینگه‌ لایه‌نه ‌كوردستانییه‌كان پێكه‌وه‌ پشتگیری ئه‌و مادده‌یه‌ى تایبه‌ت به‌ هه‌رێمى كوردستان بكه‌ین، چوونكه‌ هه‌رچى داواكارییه‌كى ده‌ستوورى بێت له‌وانه‌ ڕاده‌ستكردنى ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت یان داهاته‌كه‌ى وه‌كوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ین  ."

شاندى دانووستاندنكارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ دانووستاندن له‌باره‌ى پرۆژه‌یاساى بوودجه‌ى گشتى ٢٠٢١ى عێراق و، ڕێككه‌وتن له‌باره‌ى دابینكردنى شایسته‌ داراییه‌كان و پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌غدان و، ده‌ستیان كردووه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌ و دانووستاندن له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق كه‌ خاوه‌ن كورسی په‌رله‌مانین .


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە