شاندی دانووستانکاری هەرێمی جارێکی دیکە بۆ پرسی مووچە و بوودجە سەردانی بەغدا دەکاتەوە
پەیامی کورد ... شاندی دانووستانکاری هەرێمی جارێکی دیکە بۆ پرسی مووچە و بوودجە سەردانی بەغدا دەکاتەوە
شاندی دانووستانی هەرێمی کوردستان سبەی یەکشەممە سەردانی بەغدا و جارێکی دیکە لەگەڵ لیژنەی دارایی و لایەنەکانی دیکەی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پشکی هەرێم لە بوودجەی ٢٠٢١.
عهبدۆلحهكیم خسرۆ، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی یەکشەممە شاندی هەرێم به مهبهستی دانوستان لهگهڵ حكومهتی عێراق لهبارهی بودجه و شایسته داراییهكانی ههرێمی كوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران دهچێتەوە بهغدا.
هەفتەی رابردوو شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردبوو، درەنگانی شەوی ٢٧ی ئەم مانگە، دوای دوو رۆژ شاندەکە گەڕایەوە هەرێمی کوردستان، رۆژی دواتریش شاندەکە لەگەڵ مەسروور بارزانی ، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، گفتوگۆکان بەردەوامن بە ئاڕاستەی گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر بنەمای دەستوور کە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.
لەدوایین سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوەوە، کۆبوونەوەکە تایبەت بوون بە پشکی هەرێم و دۆسیەی نەوت لەپڕۆژەیاسای بوودجەدا شەوی رابردوو گەڕاونەتەوە هەولێر.
ئهحمهد سهفار، بڕیاردهرى لیژنهى دارایی پەرلەمانی عێراق رایگهیاند، "لیژنهى دارایی كۆى خهرجییهكانى پرۆژه یاساى بوودجهى گشتى فیدڕاڵى بۆ ساڵى دارایی ٢٠٢١ له ١٦٤ ترلیۆن دینارهوه بۆ خوار ١٣٠ ترلیۆن كهمكردوەتهوه، ماوهى دوو ههفتهشه ڕۆژانه لهدانیشتنهكانى بهردهوامه، پێداچوونهوهى یهكهم بۆ سهرجهم بڕگهكانى پرۆژهى بوودجه كراوه و دهستكراوه بهكۆتا خوێندنهوهى".
بەپێی زانیاریەکان لە ئێستادا لایەنە سیاسیەکانی عێراق بەسەر سێ بۆچووندا دابەشبوون، بەشێکیان داوای ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەشێکی دیکەیان داوای کۆی مەلەفی نەوتی هەرێم دەکەن و بەشەکەی دیکەشیان پێیانوایە پێویستە هەرێم کۆی نەوتی بەرهەم هێنراو رادەستبکات.
پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق، هۆشداری دەدەن لەوەی، "چارەسەرنەکردنی کێشەی نەوت لە چوارچێوەی مافە دەستورییەکانی هەرێمدا، باجەکەی لە ئایندەدا قورس دەبێت" بۆیە داوا دەکەن هەرێمی کوردستان پابەندبێت بە رادەستکردنی نەوت لە بەرامبەر پشکی هەرێمی کوردستان.
ماددەکانی ١٠ و ١١ی پڕۆژە یاسای بوودجەی ٢٠٢١ی عێراق تایبەت کراوە بە پشکی هەرێمی کوردستان، هەولێر پابەندکراوە بە رادەستکردنی بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و نیوەی داهاتە نا نەوتییەکان، لە بەرامبەردا پشکی ١٢.٦٧ لەلایەن بەغداوە رەوانە دەکرێت.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە