شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکاتەوە تا پەسەند کردنی بوودجە لەوێ دەمێنێتەوە
پەیامی کورد ... شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکاتەوە تا پەسەند کردنی بوودجە لەوێ دەمێنێتەوە
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ، سەردانی ئەمجارەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا تا پەسەندکردنی بوودجە، لەوێ دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، هەولێر دەیەوێ لەچوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق، لەگەڵ بەغدا بگاتە رێککەوتن.
ئومێد سەباح هەروەها رایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کۆ دەبنەوە و ئامادەکاری بۆ سەردانیکردنی بەغدا دەکەن.
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، کە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت رەزامەندی لەسەر چوونەوەی شاندی دانووستاندنکاری حکوومەت بۆ بەغدا داوە و لەم چەند رۆژە دەگەڕێینەوە بەغدا.
ئومێد سەباح جەختی لەوە کردەوە، کە ئەمجارە شاندەکەی هەرێمی کوردستان تا پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ ، لە بەغدا دەمێنێتەوە،
لەبارەی دەنگۆی داواکردنی ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، حکوومەتی عێراق هیچ پێشنیازێکی وەهای نەکردووە.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە