شاندێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان سەردانی لالش دەكات
پەیامی کورد ... شاندێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان سەردانی لالش دەكات
لەسەر ڕاسپاردەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢۰٢٢/٦/١ شاندێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی جەعفەر ئێمنکی، سەرۆکی دەستەی ڕاوێژکاران، سەردانی پەرستگەی لالشی نوورانییان کرد و لەلایەن میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزدییان لە كوردستان و جیهان و جڤاتی ڕۆحانییەوە پێشوازی كران.
لە دیدارێكدا شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان سڵاو و ڕێزی سەرۆك نێچیرڤان بارزانییان بە بەڕێزان میر حازم و جڤاتی ڕۆحانی گەیاند، هەروەها بارودۆخی کوردانی ئێزدی و ئەو کێشانەی ڕووبەڕوویان دەبنەوە، بارودۆخی کەمپی ئاوارەكان، قۆناغ و هەنگاوەكانی بەنێودەوڵەتیكردنی تاوانی جینۆساید و شوێنبزركردنی ئێزدیییان لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە لە شەنگال و ناوچەكانی دیكە، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
لەمبارەیەوە شاندی سەرۆكایەتی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیان بۆ داخوازییەكانی خوشک و برایانی ئێزدی لە هەموو ڕوویەكەوە دووپات كردەوە.
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە