شاندێکی پارتی بەشداری کۆنفرانسی پارتی کریستیان دیموکراتی ئاڵمانیای کرد
پەیامی کورد ... شاندێکی پارتی بەشداری کۆنفرانسی پارتی کریستیان دیموکراتی ئاڵمانیای کرد
شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسی ساڵانەی پارتی کریستیانی دیموکراتی ئاڵمانیا (CDU) لە بەرلین بەشداری کرد.
شاندی پارتی پێکھاتبوو لە (دڵشاد بارزانی، ھۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە پارتی دیموکراتی کوردستان، بەھجەت مەسیفی و کارکەر تۆڤی)
پارتی کریسیتانی دیموکرات یەکێکە لە پارتە دەسەڵاتدارەکانی چەند دەیەی ڕابردوو و پێگەیەکی بەھێزی لە ئاڵمانیا و ئەورووپا ھەیە، پەیوەندییەکی باش و نزیکی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ھەیە، لە کۆتایی ئەم مانگە دانیشتوانی ئاڵمانیا ڕوو لە سندووقی دەنگدان دەکەن بۆ ھەڵبژاردنی حکوومەتی داھاتووی ئەو ووڵاتە، لە کاتێکدا ئەورووپا و جیھان بەگشتی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک گرفت و کێشە بوونەتەوە، ئاڵمانیا وەکو بەھێزترین ووڵاتی ئەورووپا خاوەنی پێگە و سەنگی خۆیەتی و کاریگەری نەک تەنیا لە ئەورووپا بەڵکوو لەسەر جیھان ھەیە.
کۆنفرانسی ئەمساڵیان ھاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن، بەپێی ڕاپرسییەکان پارتی کریستیانی دیموکرات براوەی یەکەمە و سەرکردایەتی حکوومەتی داھاتووی ئاڵمانیا دەکات، ئاڵمانیا ڕۆڵی گرینگی بینیووە لە ھاوکاریکردنی ھەرێمی کوردستان، خاتوو ئەنگێلا مێرکل، چانسلەری پێشوو لە کاتی جەنگی دژی داعش ڕۆڵی دیار و بەرچاوبووھەبوو.
ئەوەی جێگای ئاماژەیە پارتی کریستیانی دیموکراتی لە ماوەی ڕابردوودا بە سەرۆکایەتی ئانجیلە مێرکەڵ پشتیوانێکی بەھێزی ھەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان بووە، بە دڵنیاییەوە ئەو پشتیوانییە بەردەوام دەبێت و پەیوەندی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کریستیانی دیموکراتی لەسەر بنەمای باوەڕ بوونە بە بەھا و بەرژەوەندی ھاوبەش و ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشە و مەترسییەکانی سەر بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان و گەلی ئاڵمانیا.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژانی کۆنفرانس چاویان بە چەندین بەرپرس و ئەندامی باڵای پارتی کریستیانی دیموکراتی کەوت و گفتوگۆیان لەسەر دوایین پێشھات و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کۆماری عێراق و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی کرد.
ھەردوولا ھاوڕابوون کە ھەماھەنگی و ھاوکاری نێوان پارتە سیاسیەکان بۆ زیاتر بەرقەراربوونی ئارامی، بەدەستھێنانی خۆشگوزەرانی، فەراھەم کرنی ئاشتی و سەرخستنی پڕۆسەی دیموکراسی پێویستە.
شاندی پارتی لەگەڵ پیرۆزبایی بۆ سەرکەوتنی کۆنفرانس و ھیوای بەردەوامییان بۆ پارتی سی دی یوو خواست.
ئەم بابەتە 64 جار خوێندراوەتەوە