شاندێکی ڤاتیکان بۆ ئامادەکاری هاتنی پاپا فڕانسیس سەردانی نەجەف یان کرد

پەیامی کورد     ...   شاندێکی ڤاتیکان بۆ ئامادەکاری هاتنی پاپا فڕانسیس سەردانی نەجەف یان کرد

شاندێکی ڤاتیکان ئەمڕۆ پێنجشەممە بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ سەردانی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان ، گەیشتنە نەجەف.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شاندی ڤاتیکان گەیشتونەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ سەردانی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان کە بڕیارە لەنێوان ٥ بۆ ٨ی مانگی داهاتوو سەردانی عێراق بکات.
ئەوەش هاتوە، شاندەکەی ڤاتیکان لەلایەن عیسا شەمەری، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف پێشوازیان لێکراوە.

هەروەها هاتووە ، ئەم ساندە بە سەرۆکایەتی میتیا لیسکۆفا کە سەرۆکایەتی ئۆسقۆفەکانی لە ئەستۆیە لەگەل نووسینگەی ئایەتۆڵلا سیستانی چاوپێکەوتنیان ئەنجام داوە و دەربارەی سەفەری پاپا و کاتی دیدارکردنەکەی ئەم دوو مەرجەعە دینی یەیان تاوتوێکردووە 

سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق ماوەی چەندین مانگە ئامادەکاری بۆ دەکرێت و سەرەڕای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، بڕیارە ناوبراو سەردانی نەجەف بکات لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆببێتەوە  و لەو سەردانەدا هەردوولا نامەیەک واژۆ دەکەن کەجەخت لەبرایەتی و پێکەوەژیانی مرۆڤایەتی و ئائینە جیاوازەکان دەکاتەوە.


ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە