شکستهێنانی دانووستاندنە ئەتۆمییەکان ، ئێران بەرەو وێرانبوونێکی گەورە دەبات
پەیامی کورد ... شکستهێنانی دانووستاندنە ئەتۆمییەکان ، ئێران بەرەو وێرانبوونێکی گەورە دەبات
بەهۆى مڵهۆرییەکانى تاران لەهەڵوێستەکانى، پێش پێنج رۆژ سەرجەم بەشداربووانى دانووستاندنەکانى ڤەیینا لەپرسی گەڕانەوەى کۆماری ئیسلامی بۆ نێو رێکەوتننامە ئەتۆمییەکەى، کۆتاییان بەدانیشتنەکاندا هێنا.
رژێمى ئێران کە بۆ گەڕانەوەى بۆ نێو دانیشتنەکانی خوولى حەوت سەرقاڵی کات کوشتن بووەو، تاوەکو ئێستاش هیچ پێشکەوتنێک لەکارا کردنەوەى رێکەوتننامەکەى ٢٠١٥ رووینەداوە، کەئامانجەکەى گەڕانەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکانە بۆ نێو رێکەوتنەکان و پابەندبوونەوەى تارانە لەو رێکەوتنەکە تاوەکو سزایەکانى سەر لایەنى دووهەم هەڵبگیرێتەوە.
لەو بوارەشدا هەردوو نێردەى رووسیاو چین لەنێو دانووستاندنە ئەتۆمییەکە کۆتاییان بەخوولى حەوتەمی دانیشتنەکان هێناو، رایانگەیاند " هیچ پێشکەوتنێک رووینەداوەو"، پێشبینی ئەوەشیان کردووە " بڕیارە پێش سەری ساڵ دانیشتنەکان دووبارە دەست پێبکەنەوە، بەڵام تەنها هەفتەیەک ماوە بۆ کۆتایی ساڵ و، وادەیەکی دیاریکراویش بۆ ئەو پرسە نیە".
لەلایەن خۆیەوە رۆژنامەى (واڵ ستریت ژۆرناڵ)ـى ئەمریکی لەلێکۆڵینەوەیەکی درێژدا جەخت لەوە دەکاتەوە " ئێران بەبێ گەیشتن بەرێکەوتنێک لەبەرنامە ئەتۆمییەکەى تواناى هیچ درێژدادڕی نیە، چونکە کەیسە ناوخۆییەکانى لەڕەوشى ئابووری و، بابەتە دەرەکییەکانى پەیوەند بەئاسایش و، پرسی ژێئۆپۆلێتیک لەقازانجی ئەودا نیە".
دەشڵێت " بەسەیرکردنێکى خێرا لەقەیرانە ئابوورییەکان، سیاسییە دەرەکییەکان و ئاسایشەکان، تاران ناچارە گرێبەستێکى کارا لەگەڵ ئەمەریکا ئەنجامبدات، بۆ ئەوەى واشنتۆن بۆ چەند ساڵێکیش بێت سزایەکان لەسەر هەڵبگرێت".
بەبۆچوونى ئەو رۆژنامەیە " هیچ حکومەتێکى ئێرانى بەشێوەیەکى کارا تواناى بەرەنگاربوونەوەی سەرجەم ئەو ئەگەرانەیان نەماوە".
راپۆرتەکەى واڵ ستریت ژۆرناڵ کەلەلایەن سەجاد سەفائی لەپەیمانگەى ماکس بلاند بۆ ئەنترۆپۆلۆژیاى کۆمەڵناسی لەئەڵمانیا ئامادە کراوە، باس لە بەڵێنەکانى ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران دەکات، کەبانگەشەى دروستکردنى یەک ملیۆن یەکەى نیشتەجێبوون، بەڕەنگاربوونەوەى هەڵئاوسان، وەک کارە سەرەکییەکانى حکومەتەکەى دەکرد، لەپاڵ ئەوانەش چارەسەر کردنى مووچەى مامۆستایان و، داڕمانى دراو، دابینکردنى یەک ملیۆن هەلیکار بوون.
ئەو بەڵێنانەى رەئیسی بەدەنگدەرانى وڵاتەکەى داوە، مایەى جێبەجێ کردن نین، گەر هاتوو کاریگەرییەکانى سزاکانى ئەمەریکا، کەئابوورى ئێرانى خنکاندووە بەردەوامیی هەبێت.
سەفائی، بەروونى دەڵێت " ووتارەکەى ئیدارەى رەئیسی لەبارەى بەرێکردن بەرەو رۆژهەڵات لەواقیعەوە دوورە، چونکە وڵاتانى رۆژهەڵات وەک (رووسیا، چین و ژاپۆن)، ناتوانن وەک جێگرەوەى سزایەکان و پاوانخوازییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان کار بکەن، هەروەها ناشتوانرێت رزگار کردنى ئابوورییە داڕماوەکە لەدانووستاندنە ئەتۆمییەکان دووربخرێنەوە".
بەشێکى دیکەى راپۆرتەکە تەرخانکراوە بەوەى " تەنها سووککردنەوەى سزایەکان چارەسەرێکى سیحری نیە بۆ سەرجەم کێشە ئابوورییەکانى ئێران، چونکە چەندین تەگەرەى دیکە لەبەردەم بوژانەوەى ئابوورییەکەیدا هەیە، لەوانەش ئاسایی کردنەوەى پەیوەندییە بازرگانیەکانى لەگەڵ سەرجەم وڵاتانى جیهان، چونکە سزایەکان بەتەنها نابنە هۆکارێک بۆ داڕمانى تەواوی ئابووری".
سەرەڕاى ئەوەى لەم چەند ساڵەى دواییدا کۆمارى ئیسلامی ئێران، توانى خۆى وەها نیشاندا کەبەرگرى لەسزایەکان دەکات، بەڵام ئەمساڵەى کۆتاییدا وەک وایە لەکوونى دەرزییەوە دەیەوێت بچێتە دەرەوەو، بوژانەوەى ئابوورى بۆ سەرتاسەرى ووڵاتەکەى ئەنجام بدات، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەژیانی ئێرانییە ئاساییەکانەوە هەیەو، بەهۆى بەرزبوونەوەى هەڵئاوسانەوە، دابەزینى توانای کڕین و بێکارییەوە دەناڵێنن، ئەمانەش هەمووی رێگاخۆشکەرن بۆ کۆچکردنى سەرچاوە مرۆییە بەتواناکان.
لەسەرووی ئەوانەى باسکراون، هەژاری و ئاڵۆزبوونى ڕەوشى ژینگەو، نەبوونى ئاو، پچڕانی بەردەوامی ووزەى کارەبا، هەموو ئەمانەش نیشانەى سەرهەڵدانى شەڕێکى ناوخۆیی لەناو ئەو ووڵاتەیە، کەدەرچوونى رەئیسی لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەى تاران ئەوەندەى دیکە ڕەوشەکەى ئاڵۆزتر کردووە.
راپۆرتەکەى رۆژنامە ئەمریکییەکە ئەوەى دووپاتکردۆتەوە " ناڕەزایی و خۆپێشاندانە مەدەنییەکانى ئەو ووڵاتە، نابنە هۆى رووخاندنى دەسەڵاتدارانى ئەو ووڵاتە، بەڵکوو ڕەنگە یەکگرتنەوەیەک لەگەڵ کاراکتەرەکانى دیکەى سەپاندنى سزایەکان دروست بکات".
بۆیە ئێستاش هەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن " دانووستاندنەکانی ڤییەننا بەرەو شکستبوونى یەکجاری هەنگاو بنێت".
لەپاڵ ئەو ئاڵۆزییە ناوخۆییانەى کە تاران بەخۆیەوە دەیبینێت، ئەگەرێکى زۆریش هەیە ووڵاتە هەرێمایەتیەکان و دوژمنە سەرسەختەکانى ئەو ئاڵۆزییانە بقۆزنەوەو، دژى ئێران بەکاری بهێننەوە.
بۆیە شکستهێنانى دانووستاندنەکان ئەرکەکانى واشینتۆن ئاسانتر دەکات بەوەى ئێران ووڵاتێکى شەڕئەنگێز و گۆێڕایەڵ نیەو، سەرکەوتووش دەبێت لەو ئامانجەى کەماوەیەکى زۆرە کاری بۆ دەکات، ئەویش بریتیە لەراکێشانى سەرجەم لایەنەکانى نێو ڕێکەوتنەکە بۆ بەرەى خۆی و، دووبارە چەندین سزای بەکۆمەڵ بەسەر ئەو ووڵاتە بسەپێننەوە.
بڕیاریشە بۆ جێبەجێ کردنى ئەو ئامانجە، ئیدارەى بایدن، کۆبوونەوەیەکى بەپەلە لەگەڵ ئەنجوومەنى کارگێری ئاژانسى نێودەوڵەتى بۆ ووزەى ئەتۆمی ساز بکات و، سەرەتایەک بێت بۆ گۆشەگیر کردنى زیاترى ئێران و، چەندین ووڵاتیش هاوتاى بیروکەکەى واشینتۆنە.
لەبەرامبەریشدا راپۆرتەکە بەوە کۆتایی دەهێنێت کە " تاران پێویستى بەگەڕاندنەوەى رێکەوتننامە ئەتۆمییەکەیە، بەڵام بەرپرسانى ئیدارەى ئیبراهیم رەئیسی، ناشایستەن بۆ ئەو رۆڵە".
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە