شێخ شامۆ: بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت شاریا و خانکێ دەکرێنە ناحیە

پەیامی کورد     ...    شێخ شامۆ: بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت شاریا و خانکێ دەکرێنە ناحیە

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری ئێزدییان دەربارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی میر و بابەشێخی ئێزدییان لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ووتی ، سەرۆکی حکوومەت بە دڵێکی گەورەوە پێشوازی لە هەردوو سەمبولی ئایینی ئێزدییان کرد و پشتیوانی تەواوی بۆ ئێزدییان نیشان دا.

شێخ شامۆ شێخۆ، کە خۆی لەگەڵ شاندی ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزدیاندا بوو بۆ سەردانی سەرۆکی حکوومەت، ڕایگەیاند : ''سەرۆکی حکوومەت پێی ڕا

گەیاندین لە هەموو کات و ساتێکدا و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا پشتیوانی لە ئێزدییەکان دەکەین و هیچ جارێک درێغی بەرانبەر ئێزدییان ناکەین، لە پرۆژە و پلە و پۆستەکانیشدا هیچ جارێک ئێزدییان بێبەش نابن.''

ووتیشی: ''لە ڕووی ئایینییەوە میر و بابەشێخ داوایان کرد حکوومەت بەردەوام بێت لە ئاوەدانکردنەوە و نووژەنکردنەوەی پەرستگای لالش و سەرۆکی حکوومەت پێی ڕاگەیاندین هەردوو کۆمەڵگای ئێزدییان (شاریا و خانکێ) لە پاریزگای دهۆک دەکرێنە ناحیە و بەڕێوبەراتییەکەشیان ئێزدی دەبن.''

ڕاوێژکاری سەرۆکی سەرۆکی حکوومەت ئاماژەیش دا، جگە لە پرۆژەکانی پێشتری حکوومەت لەنێو پەرستگای لالشدا، سەرۆکی حکوومەت بڕیاری دا تۆڕی کارەبای لالش چاک بکرێت.

ئاماژەیشی دا، پیاوانی ئایینی ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدییان مووچەیان بۆ تەرخان دەکرێت و سەرۆکی حکوومەت ڕەزامەندی لەسەر دا و لە نزیکترین کاتیشدا وەزارەتی ئەوقاف کاری لەسەر دەکات و دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.


ئەم بابەتە 11982 جار خوێندراوەتەوە