شێوازی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەگۆڕدرێت

پەیامی کورد      ...   شێوازی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەگۆڕدرێت

بەپێی بڕیارێكی ھاتووچۆی ھەرێمی كوردستان، كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل گۆڕانكاری بەسەردا دێت و بەڕێوبەری گشتی ھاتووچۆی سلێمانیش دەڵێ، لەمەودوا ھەر كەسێك ئۆتۆمبێل بكڕێت، پێویستە لە ماوەی مانگێكدا بەناوی خۆی بكات.

عەمید فەرەیدوون عومەر، بەڕێوبەری گشتی ھاتووچۆی سلێمانی، رایگەیاند: "بەپێی پلانێكی نوێی ھاتووچۆ، لەمەودوا گرێبەستی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەكرێتە ئەلیكترۆنی و ھەر گرێبەستێكی كڕین و فرۆشتنیش لە پیشانگاكانی ئۆتۆمبێل تۆمار بكرێت، لە رێگەی سێرڤەرێكەوە یەكسەر لە ھاتووچۆش تۆمار دەكرێت لەسەر ناوی ئەو كەسەی ئۆتۆمبێلەكەی كڕیوە".

بەڕێوبەری گشتی ھاتووچۆی سلێمانی دەشڵێت: "بەپێی بڕیاری حكوومەت، پێویستە لە ماوەی یەك مانگدا ئەو كەسەی ئۆتۆمبێلی كڕیوە بیگوازێتەوە سەر ناوی خۆی لە بەڕێوبەرایەتییەكانی ھاتووچۆ، بە پێچەوانەوە سزای یاسایی بەدواوەیە بۆ ھەر كەسێك دوای كڕینی ئۆتۆمبێل لە ماوەی یەك مانگدا".

عەمید فەرەیدوون روونیشی كردەوە: "مەبەست لە بڕیارەكە، كەمكردنەوەی كێشەكانی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلە، چونكە خەڵكێك زۆر ئۆتۆمبێل دەكڕێت و نایگوازێتەوە سەر ناوی و دواتر كێشە لێی دروست دەبێت، زۆر كەسیش ھەیە ئۆتۆمبێلی فرۆشتووە و دواتر چووەتە دەرەوەی وڵات یان خاوەنی ئۆتۆمبێلەكە كۆچی دوایی كردووە و ئۆتۆمبێلەكە دەبێتە وەرەسە، بەڵام بەپێی سیستمی نوێ، كۆتایی بە كێشەكانی گواستنەوەی ئۆتۆمبێل دێت لە نێوان ھاووڵاتیاندا".


ئەم بابەتە 11996 جار خوێندراوەتەوە