شەش رێگای گرینگ لە بواری جێبەجێ کردندان
پەیامی کورد ... شەش رێگای گرینگ لە بواری جێبەجێ کردندان
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگییەکی زۆری بە رێگاوبان داوە و تا ئێستا ٥٩٤ پڕۆژە جێبەجێ کراون، کە بوودجەکەیان زیاتر لە ٩٥٤ ملیار دینارە و شەش رێگای دیکەی گرینگیش لە بواری جێبەجێکردندان.
د. ئاگرین عەبدۆڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا گرینگی زۆر بە رێگاوبان دراوە و تا ئێستا بە گشتی ٥٩٤ پڕۆژەی رێگاوبان تەواو کراون و دوو ھەزار و ١٨٩ کیلۆمەتر رێگا کەوتووەتە خزمەت ھاووڵاتیانەوە، کە بوودجەکەیان ٩٥٤ ملیار و ١٨٩ ملیۆن دینارە و ئێستاش شەش رێگای دیکە لە بواری جێبەجێکردندان، ئەوانیش بریتین لە رێگای دووسایدی ھەولێر بۆ کۆیە، کە تێچووەکەی ٥٦٠ ملیار دینارە و رێگای دووسایدی کەڵەک بۆ بەردەڕەش بوودجەکەی ١٠٠ ملیار دینارە و رێگای باعەدرێ ئیتیت بە بڕی ١٣٤ ملیار دینار و هەروەها رێگای ئاکرێ بۆ قەندیل، کە تێچووەکەی نزیکەی ٣٠ملیار دینارە و رێگای کەلار بۆ دەربەندیخان بوودجەکەی ١٣٦ ملیار دینارە و رێگای کۆڕێ بۆ شەقڵاوە بۆ قەندیل بوودجەکەی ٩٥ ملیار دینارە، ئەمەش بوودجەی ئەو پڕۆژانەیە، کە ئێستا پڕۆژەکان لە بواری جێبەجێ کردندان.
د. ئاگرین دەشڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم دا گرینگی زۆری بە پڕۆژەکانی رێگاوبان داوە و زۆرترین پڕۆژەش ئەنجام دراون و ژمارەیەک پڕۆژەش دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانی، ئێستا خراونەتە خزمەت ھاووڵاتیانەوە، بۆیە تا ئێستا پڕۆژەی زۆر گرینگی رێگاوبان لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دراون و بەردەوامیش پڕۆژەی تازە ئەنجام دەدرێن.
ئەم بابەتە 44 جار خوێندراوەتەوە