شەقامی ۱٥۰مەتری هەولێر سبەی دەکرێتەوە
پەیامی کورد ... شەقامی ۱٥۰مەتری هەولێر سبەی دەکرێتەوە
پڕۆژەی شەقامی ۱٥۰مەتریی خێرای هەولێر، كە لەلایەن كۆمپانیای هێمن گرووپ و بە چاودێری وەزارەتی شارەوانی و گەشت وگوزار جێبەجێ دەكرێت، لە ئێستادا ۱۰كیلۆمەتری تەواو بووە و سبەینێ لە ڕێوڕەسمێكدا دەكرێتەوە.
سەرپەشتیاری پڕۆژەی شەقامی ۱٥۰مەتری بازنەیی خێرا، ئەندازیار كەیفی فارس، ڕایگەیاند: "شەقامی ۱٥۰مەتری بازنەیی خێرا، سبەی ۲٥ـی ۲ـی ۲۰۲۱پێش ئەو وادەیەی بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە دانرابوو، دەكرێتەوە، كە درێژیی شەقامی ۱٥۰مەتری، ۷۰كیلۆمەترە و لە ئێستادا بە درێژایی ۱۰كیلۆمەتری تەواو كراوە، شەقامەكەش لە گشت ئاڕاستەكاندا هاتووچۆی پێدا دەكرێت، هەروەها لە لای بەحركەش بە هەمان شێوە بەرزەپردی ئاڕاستەگۆڕی تێدایە، بە درێژایی ئەم ۱۰كیلۆمەترەش سێ بەرزەپردی پەڕینەوەی بۆ دروست كراوە".
ئەو ئەندازیارە ووتیشی: "شەقامەكه پانییەكەی ۱۹مەتر و نیوە، هەروەها چوار لێنە و لە هەرلێنێك ۳مەتر و ۷٥سانتیمەترە، ۳مەتریش لێنێكی ئیمێرجێنسییە، لە هەرلایەكی شەقامە سەرەكییەكە دوو شەقامی خزمەتگوزاری هەیە بە پانیی ٨مەتر كە لە هەرلایەكی چوون و هاتنە، كە دوو شەقام بەلای بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆدایە و دووانی تریش بە لای گەنجان ستیدایە، كە دەكاتە ٦ شەقام لە ڕیزێك."
فارس دەشڵێ: "قۆناغەكانی ڕووناكی و جوانكاری لە شەقامەكە هەمووی تەواو بووە و جێبەجێ كراوە، ڕۆژی دەستبەكاربوونی پڕۆژەكەش ۱۷ـی ۹ـی ۲۰۱٨ بوو، كە ماوەی پڕۆژەكە ۱۲٥۰ڕۆژی بۆ دانرابوو، بەپێی گرێبەستەكە وا دانرابوو لە ۲۲ـی ۲ـی ۲۰۲۲بەشێكی پڕۆژەكە تەواو بكرێت، بەڵام زووتر لە وادەی خۆی ئەنجام دراوە، كە لەلایەن كۆمپانیای هێمن گرووپەوە بە شێوەی قەرز پڕۆژەكە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست كراوە."
شەقامی ۱٥۰مەتری، كە دەبێتە پێنجهمین شەقامی بازنەیی بە دەوری هەولێردا، شەقامێكی خێرایە و ناحیەكانی بنەسڵاوە، كەسنەزان، دارەتوو، بەحركە، مەلائۆمەر و ڕێگای گوێڕ و قۆڕیتان و سەركارێز بەیەكەوە دەبەستێتەوە و، بەپێی خێرایی شەقامەكەش، دووریی ئەمسەر و ئەوسەری شار تەنها چەند خولەكێكە و ئەمەش ئاسانكارییەكی تەواوە بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە