شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
پەیامی کورد ... شەپۆلێکی نوێی بەفر و باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
بەپێی پێشبینییەکان، ناوەڕاستی ئەم حەفتەیە شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ووتەبێژی کەشناسی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەمڕۆ بەرزترین و نزمترین پلەی گەرما لە قەزای پێنجوێن تۆمار کراوە و گەیشتووەتە ٢٤ پلەی ژێر سفر.
ماڵپەڕی ئەکواوێزەری تایبەت بە کەشناسی بڵاوی کردووەتەوە: "ڕۆژی چوارشەممەی داھاتوو شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و سەرەتا باران دەبارێت و ڕۆژانی پێنجشەممە و ھەینی ئەگەری بەفربارین ھەیە لە دھۆک و سلێمانی.''
لەم بارەیەوە، ئەژی چەتو حەسەن، ووتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتی کەشناسی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "کەشناسی ھەرێمی کوردستان تەنیا ٤٨ کاتژمێر پێش ھەر شەپۆلێک پێشبینییەکانی بڵاو دەکاتەوە، بەڵام لەمڕۆ بەدواوە پلەکانی گەرما تا ڕادەیەک بەرز دەبنەوە و ئەویش بەھۆی نەمانی بارستە ھەوای سارد و توانەوەی بەفر، بەڵام دواتر ھەر شەپۆلێکی دیکە ھەرێم بگرێتەوە پلەکانی گەرما دیسان بەرەو نزمبوونەوە دەچن.''
ئەژی چەتۆ حەسەن ووتیشی: "بەرزترین پلەی گەرما لەو ناوچانەی ھاووڵاتییان تێیدا نیشتەجێبوونە تۆمار کراوە و ئەمڕۆ نزمترین پلەی گەرما لە قەزای پێنجوێن تۆمار کرا، کە پلەکەی گەیشتووەتە ٢٤ پلەی ژێر سفر و بەوەش بە ساردترین ناوچە دەژمێردرێت، لەگەل ئەوەشدا لەوانەیە لە ھەندێ ناوچە پلەی نزمتر تۆمار کرابێت، بەڵام لووتکەی چیایەک، یان شوێنێکە، نیشتەجێ بوونی تێدا نییە.''
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە