شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە پایتەختی ئۆکراین دەستی پێکرد

پەیامی کورد      ...   شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە پایتەختی ئۆکراین دەستی پێکرد

لەچەند کاتژمێری رابردو هێرشی سەربازی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین پێشڕەوی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە لە بنکەیەکی سەربازی سوپای ئۆکراین لەنزیک شاری کیێڤی پایتەخت بەئامانج گیراوە، هاوکات لەهەندێک شوێنی شارەکە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان بەڕێوەدەچێت.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئەمڕۆ شەممە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، دەنگی تۆپباران لەچەند ناوچەیەکی کیێڤ ی پایتەختی ئۆکراین دەبیسترێت و ئاڕاستەکانیان نەزانراوە، بەڵام ئاڕاستەی ڕووبەڕووبوونەوەکان تائێستا لەناوەندی شارەکەوە دوورن.
لای خۆیەوە جین ساکی، ووتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، هەرچەندە سوپای ئۆکراین لەسەر زەوی ووڵامی هێرشەکانی سوپای رووسیا داوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرەوپێش چوونی هێزەکانی رووسیا بەردەوامە بەرەو پایتەختی ئۆکراین، دەتوانن بڵێن کەوتنی کیێڤ "ئەگەرێکی راستەقینەیە".

هاوکات بەشێک لە میدیاکانی رۆژئاوا باس لەوە دەکەن، لەژمارەیەک گەڕەک و ناوچەی شاری کیێڤ دەنگی تەقینەوە و تۆپباران بیستراوە، بەگوێرەی زانیارییەکانیش شەوی رابردوو هێزەکانی رووسیا هەوڵیانداوە ناوەندێکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە شارەکەدا کۆنتڕۆڵ بکەن.

شەوی رابردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبووەوە بەمەبەستی دەرکردنی بڕیارێک دژی هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراین، بەڵام نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە ئەنجوومەکە مافی ڤیتۆی بەکارهێنا و بەوهۆیەش ئەنجوومەنی ئاسایش شکستیهێنا لەدەرکردنی بڕیارێک دژی هێرشەکەی مۆسکۆ.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ سێیەم رۆژی هێرشی رووسیایە بۆسەر ئۆکرانیا و لەم کاتەدا شەڕ لە دەورووبەری کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا گەرمتر بوە و کۆشکی سپی ئەمریکاش رایگەیاندوە " کەوتنی کیێڤ ئەگەرێكی راستەقینەیە."


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە