شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەسەر شەقامەکانی لوبنان

پەیامی کورد      ...     شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەسەر شەقامەکانی لوبنان

سەدان کەس لە لایەنگرانی حیزبۆڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل كە سەر بە کۆماری ئیسلامین چوونە ناوچەی تەیونە لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان، دژی ئەو دادوەرە خۆپێشاندانیان کرد کە دۆسیەی لێکۆڵینەوەی لە تەقینەوەکەی بەیرووتی پێ راسپێردراوە.

لایەنگرانی حیزبۆڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل کەسەر بە ئێرانن وێنەی دادوەر تارق بەیتاریان سووتاند، کە دووەم دادوەرە لەو دۆسیەیە دەکۆڵێتەوە و رووبەڕووی رەخنە و هێرش دەبێتەوە.

حەسەن زەبیب، خۆپێشاندەرە و دەڵێت، "هەندێ هەڵە هەن کە لەلایەن لێکۆڵەرە نوێیەکەوە ئەنجامدراون پێویستیان بە پێداچوونەوەیە، بۆ ئەوەی رێگە راستەکە سەروەر بێت و کەسوکاری قوربانیانیش خۆیان نەبنە قوربانی."

زۆری پێنەچوو خۆپێشاندەران لەلایەن چەند چەکدارێکەوە درانە بەر دەستڕێژی گولـلە، دوایش تەقەکەرەکان رایانکرد و خۆیان لەنێو باڵەخانەکان شاردەوە.

سوپای لوبنان هێزێکی بە تانک و زرێپۆشەوە بڵاوکردەوە، لە رووبەڕووبوونەوەکەدا لەگەڵ چەکداران نارنجۆک و نیشان شکێن و چەندین جۆری چەکی سووک و قورس بەکارهاتن.

بەگوێرەی راگەێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی لوبنان، لەو شەڕەدا زیاتر لە شەش کەس کوژراون و زیاتر لە ٣٠ کەسی دیکەش برینداربوون.

ئەو ناڕەزایەتییەی لایەنگرانی حیزبۆڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل لە دژی دادوەر تاریق بەیتار لەدوای ووتارێکی ئەمینداری گشتی حیزبەکەیان هات کە دەڵێت، دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران چارەسەرێک بۆ بابەتی تەقینەوەکەی بەیرووت بدۆزێتەوە.

حەسەن نەسرۆڵڵا، ئەمینداری گشتی حزبۆڵڵای لوبنانی ئاماژەی بەوە کرد، "لەیەکەم قسەم لەسەر ئەو خاڵە بە کەسوکاری شەهیدان دەڵێم، ئەگەر ئێوە چاوەڕێ دەکەن بەو دادوەرە بگەن بەڕاستی ناگەن بەڕاستی، ئەگەر چاوەڕی دەکەن لە رێگەی ئەو دادوەرەوە بگەن بە دادپەروەری، هەتا ئەگەر بۆ بڕیارێکی بچووکیش بێت، ناگەن بە دادپەروەری."

لە ٤ی ئابی ٢٠٢٠ سەتان تۆن لە نیتراتی ئامۆنیۆم لەبەندەری بەیرووت تەقییەوە، بەوهۆیەوە ٢١٤ کەس کوژران و ٦٠٠٠ کەسی دیکە برینداربوون، تەواوی ئەو گەڕەکانەی وێرانکرد کە لە بەندەرەکەوە نزیکبوون.

میدیای سەربەخۆ و گرووپە بنکۆڵکارەکان دەڵێن، زۆربەی بەرپرسە سیاسی و ئەمنییەکانی لوبنان دەیانزانی کە ئەو هەموو تەقەمەنییە سووتێنەرە لەو بەندەرە هەڵگیراوە بەڵام، "بێدەنگ بوونە." پشکی شێری تۆمەتەکانیش بەر حیزبۆڵڵای لوبنانی کەوتوون کە بە لایەنێکی سیاسی و چەکداری سەر بە ئێران دەناسرێت.

 


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە