عامری بە تووندترین شێوەی هەڕەشە و هۆشداری دەداتە مۆقتەدا سەدر

پەیامی کورد    ...   عامری بە تووندترین شێوەی هەڕەشە و هۆشداری دەداتە مۆقتەدا سەدر

ڕێبەرى هاوپەیمانى فەتح، نزیک لە کۆماری ئیسلامی هۆشداری داوەتە لایەنەکان لە پشتگوێ خستنى چوارچێوەى هەماهەنگی، کەزۆربەى هێزە شیعە و میلیشیا دۆڕاوەکانى هەڵبژاردنەکانى تشرینى یەکەمى ٢٠٢١ لەخۆ گرتووە، لەبەشداری پێکردنیان لەحکوومەتى داهاتوو.

هاوکات هادی عامری، پاڵپشتى خۆشی بۆ حکوومەتێکى زۆرینەى نیشتیمانى نیشانداوە، کە رێبەرى ڕەوتى سەدر بانگەشەى کردووە، بەڵام تێبینی لەسەر چۆنیەتى جێبەجێکردنى ئەو بیروکەیە هەبووە، کە بە ووتەى عامری " ناکرێ لەسەر دوورخستنەوەی لایەنێکى شیعە ئەنجام بدرێت".

لێدوانەکەى عامری لەچوارچێوەى هەماهەنگی کە گرووپێکی میلیشیاکان بووە لەبەغدا، کەپاش چەندین کۆبوونەوەى هاوبەش لەنێوان گرووپە نزیکەکانى تاران و سەدر، نەگەیشتنە هیچ دەرئەنجامێکی هاوبەش، بۆ ئەوەى لەسەر شێوەى حکوومەتى نوێی عێراقی رێکبکەون.

هۆکارى شکستى دانووستاندنەکان بۆ چەندین خاڵ دەگەرێنەوە، لەسەرووی هەموویانەوە موقتەدا سەدر، سوورە لەسەر پێکهێنانى حکوومەتێکى "زۆرینەى نیشتیمانى"، هەروەها دوورخستنەوەى رێبەرى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا، کەخاوەنى ٣٣ کورسی پەرلەمانە و لایەنێکى سەرەکی چوارچێوەى هەماهەنگی شیعەکانە لەهەر پۆست و دەسەڵاتێک لەحکوومەتى نوێ.

رێبەرەکەى هاوپەیمانى فەتح، کەبەپیاوی یەکەمى سوپاى پاسداران دادەنرێت لەبەغدا، داواى گەیشتن بە رێکەوتنێکى تەوافوقی لەنێوان هێزە سیاسییەکان کردووە، بۆ ئەوەى سیماى حکوومەتى تازە بەدیار بکەوێت و، گفتوگۆ لەسەر کەسایەتى سەرۆک وەزیرانیش بکەن.

هۆشداری ئەوەشی خستۆتە بەردەم لایەنەکان لەوەى " ئەگەری داڕمانێکى سیاسی لە ئاسۆی عێراقدا بەدی دەکرێت".

لەماوەى رابردوو سەدر، پێشنیارێکى خستە بەردەم ئەو گرووپە شیعانە بەوەى پۆستى وەزارەتى ناوخۆ بەهاوپەیمانى فەتح بدات، بەمەرجێک نووری مالکی، سەرۆک وەزیرانى پێشووتر لەهاوپەیمانیەکەیان دووربخاتەوە، بەڵام داواکەى ڕەتکرایەوە، چوونکە بە ووتەی خۆیان کورسییەکانى فراکسیۆنی دەوڵەتى یاسا رێگەى پێدەدات سێ وەزارەت بەدەست بهێنێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە لەچەند رۆژى رابردوو مالکی لە ووڵامى داواکەى سەدر، رایگەیاند " ئەو ووڵامى هەرزەکارە سیاسییەکان ناداتەوەو، بەهیچ شێوەیەکى کێشە کەسایەتیەکان تێکەڵ بەسیاسەت ناکات، ئەوانەشى ڕەخنەى کەسایەتیان کردۆتە بیانوو شایەنى ووڵامدانەوە نین".

جگە لە گرووپە شیعەکان، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەى سوپاى قودس، هەوڵێکی زۆری داوە بۆ ئەوەى ئەو درزەى کەتوەتە نێو ماڵى شیعەکان چاکی بکاتەوە، سەرکەوتوو نەبوو بۆیە بەبێ هیچ ئەنجامێکى ئەرێنی گەڕایەوە تاران.

کێشە سەرەکییەکەى مالکی و سەدر بۆ دەیەیەک پێش ئێستا دەگەرێتەوە، کاتێک لایەنى یەکەم سەرۆک وەزیرانى عێراقی بووە، ئۆپراسیۆنى سەربازی دژى میلیشیای سوپاى مەهدی ڕاگەیاند و  زۆربەى سەرکردەو چەکدارانى ئەو میلیشیاییەى زیندانی کرد، کە ئەو کات رێبەرەکەیان بەرەو تاران هەڵات.
لەپاڵ ئەوانەش سەدر، لەچەندین بۆنە و مەراسیمدا سەرۆکوەزیرانى پێشووتری بەگەندەڵ و تومەتبار بەداگیرکارییەکان داعش دەزانێت، کە ئەو رێگاخۆشکەر بووە بۆ ئەوەى کێشەى تائیفی لەسەرتاسەرى ووڵات تەشەنە بکات و گرووپی داعش بەئاسانى یەک لەسەر سێی خاکی عێراق داگیربکات.

هەردوو لایەن ترسیان لەوەیە دەستبەرداری پۆستەکانیان بن، لەوەى هەردووکیان چەندین کەیسى تاوان لەدژیاندا هەیە، بەڵام جیاوازییەکەى مالکی لەگەڵ سەدر، ئەوەیە لایەنى یەکەم سەرەڕاى ئەوەى لەدواى ٢٠١٤ ـەوە لەپۆستى فەرمییدا نیە، بەڵام تاوەکوو ئێستاش زۆربەى جومگەکانى دەسەڵات و هێزی لەژێر دەستدایە، پێچەوانەى رێبەرەکەى ڕەوتى سەدر، کە ترسی لەوەیە رۆژێک لەرۆژان مالکی کەیسى کوشتنى عەبدۆلمەجید خوئی، یەکێک لەمەرجەعە شیعەکان دووبارە لەدژى بجووڵێنێتەوە، کەخودی سەدر فەرمانى کوشتنى بۆ دەرکرد.

عامری لەدرێژەى پەیامەکەى بۆ سەدر ووتی " ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ حکوومەتى زۆرینەى نیشتیمانى نیە، لەوەى سوننەو کوردەکان و سەدرییەکان بەرەو پێکهێنانى حکوومەت هەنگاو بنێن و لیستەکانى دیکەش بۆ لای خۆیان رابکێشن، بەڵام کێشەمان لەسەر دوورخستنەو پەراوێزخستنى لایەنێکە کە سوورە لەسەر ئەو هەڵوێستەى".


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە