عامری : چەق بەستوویی سیاسەت " حاڵەتێکی سرووشتییە "

پەیامی کورد     ...   عامری : چەق بەستوویی سیاسەت " حاڵەتێکی سرووشتییە "

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، چەق بەستوویی سیاسی "حاڵەتێکی سرووشتییە" چوونکە پێکهاتەکانی عێراق ترسیان هەیە لە گەرەنتیکردنی داهاتوویان، بۆیە بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکانیش داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەن پابەندی دەستوور بن.

هادی عامری لەم کۆبوونەوەیدا لەگەڵ فراکسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشكرد، کێشە سیاسییەکان لەعێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رژێمێکی دیکتاتۆری بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ حۆکمڕانی عێراقی کردوە، بۆیە باوەڕی وایە چەق بەستویی سیاسی "حاڵەتێکی سرووشتییە" چوونکە پێکهاتەکان ترسیان هەیە لە گەرەنتیکردنی داهاتوویان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ چارەسەری کێشەکان دەبێت هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ دەستوور چوونکە تاکە دەروازەیە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکان، هەروەها هۆکاری پەسەندنەکردنی یاسای بوودجەی ئەمساڵیش بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی و هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم دەگەڕێتەوە.

هادی عامری داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کاربکەن بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە زووترین کاتدا، بەتایبەت کە بەهۆی کاریگەرییەکانی ووشکەساڵی یەوە کەرتی کشتوکاڵ لە ووڵاتدا پاشەکشەی کردوە و دەبێت لەگەڵ تورکیا پرسی ئاو چارەسەر بکەن

نزیکەی هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت کە رەوتی سەدر براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە بوو، بەڵام تائێستا حکوومەتی نوێ پێکنەهێنراوە، بۆیە شەقامی عێراق و لایەنەکان چاوەڕێن سەدر هەنگاوی نوێ دەربارەی دۆخی سیاسی بخاتەڕوو.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە