عزەدین ئەلحەکیم : متمانەی تەواومان بە حیکمەتی سەرۆک مسعوود بارزانی هەیە
پەیامی کورد ... عزەدین ئەلحەکیم : متمانەی تەواومان بە حیکمەتی سەرۆک مسعوود بارزانی هەیە
یەکێک لەمەرجەعە گەورەکانی شیعەی عیراق لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپهڕی فهرمی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەختی لە ڕۆڵی کورد و سەرۆک بارزانی لە عێراق و زەرورەتی پاراستن و پەرەپێدانی پەیوەندیەکانی کورد و شیعەی کردەوە و ووتی، کورد برای دین و مرۆڤایەتی ئێمەن و سەرۆک مسعوود بارزانی جێگەی متمانەی عیراقیەکانە.
عزەدین ئەلحەکیم کوڕی ئایەتوڵڵا سەعید ئەلحەکیم کە یەکێکە لە مەرجەعە باڵاکانی شیعە لە عێراقدا لە شاری نەجەف ڕایگەیاند ، "پەیوەندی کورد و شیعە لە مێژوودا تۆمارکراوە و بۆ سەردەمی هەردوو مەرحوم سەماحەتی موحسن ئەلحەکیم و مەلا مستەفا بارزانی دەگەڕێتەوە کە لە ڕۆژە سەختەکانی عێراقدا هەماهەنگ و هاوهەڵوێست بوون، لە عێراقی نوێشدا پێویستە درێژە بەو هەڵوێستە مێژوییانە بدەین کە لەنێوان کورد و شیعە هەبووە و نابێ لێدوانی هەندێ کەسی لابەلا و گۆڕانکاری و جیاوازیە سیاسیەکان و جەمسەرگیرییە هەرێممی و نێودەوڵەتیەکان ببێتە هۆی تێکچونی پەیوەندی کورد و شیعە.
سەماحەتی ئایەتوڵڵا عزەدین حەکیم کە لەهەمان کاتیشدا بەرپرسی ناوەندی (ئیمام حسێن)ە بۆ گفتوگۆ و درووستکردنی ئاشتی لە عێراقدا کە بارەگای سەرەکی لە شاری نەجەفە لەدرێژەی دیمانەکەیدا لەگەڵ مهریوان نهقشبهندی ووتی، "ئەو کێشە و ناکۆکیە سیاسیانەی بونەتە هۆی دوورکەوتنەوەی کورد و شیعە لەیەکتر، دەبێ بەزوترین کات چارەسەر بکرێت و ئێمە وەک مەرجەعیەتەکانی شیعە متمانەی تەواومان بە حیکمەتی سەرۆک مسعوود بارزانی و خەڵکی کوردستان هەیە کە دەتوانین پێکەوە بە ئاشتی بژین و دەبێ هەروەک چۆن کورد و شیعە بونیادنەری عێراقی نوێ بوون لە ئایندەشدا هەر بەو برایەتیە بمێننەوە و ببنە هەوێنی سەقامگیری عێراق و ناوچەکە، لە کۆتایی دیمانەکەدا ئایەتوڵڵا عزەدین ئەلحەکیم ووتی، "هەرێمی کوردستان نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی و مەزهەبی هەیە کە هیوادارین سوودی لێوەربگرین بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی لەسەرتاسەری عێراقدا، ووتیشی، "دەبێ پێکەوە کاربکەین بۆ کۆتاییهێنان بە تووندڕەوی و ووتاری ڕق و کینە کە بەداخەوە ماوەیەکە لە عێراق و زۆربەی جیهانی ئیسلامی دا زیادی کردووە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بونەتە مینبەرێک بۆ خەڵکی جوێنفرۆش و تووندڕەو، ئەم وتارە ناجۆرانەش ئەگەر چارەسەری نەکەین دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە و پێکەوەژیانی ئاشتیانە.
ئەم بابەتە 99 جار خوێندراوەتەوە