عه‌ره‌ب‌ و توركمانه‌كان دژى كورد داواى دواخستنى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن

پەیامی کورد      ...   عه‌ره‌ب‌ و توركمانه‌كان دژى كورد داواى دواخستنى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن .

عەرەب‌و تورکمانەکانی کەرکووک داوای دواخستنی ھەڵبژاردن دەکەن‌و ڕایده‌گه‌ینن، هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ گێڕانەوەی کەرکووک بۆ ڕۆژانی ڕفاندن‌و دەستگیرکردن‌ و تیرۆرکردن، ده‌شڵێن:"پێویسته‌ سه‌ركرده‌ى كوتله‌ سیاسییه‌كان بێنه‌ده‌نگ".
به‌گوێره‌ى به‌یاننامه‌یه‌كى هاوبه‌شى عه‌ره‌ب‌ و توركمانه‌كانى كه‌ركووك كه‌ له‌دژى كوردو گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بۆ سنوورى ئه‌و پارێزگایه‌ بڵاویانكردۆته‌وه‌ نووسیویانه‌، "لەکاتێکدا پارێزگای کەرکووک لە دوای ئۆپراسیۆنەکانی جێبەجێکردنی یاسا لەمانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ دا، لەئێستادا لەهەوڵی بەکارهێنانی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر گوندەکانی دەورووبەری قەزای دەکوک‌ و قەزای ڕەشادن بۆ ئامادەکاری بۆ گۆڕینی هاوکێشەی ئەمنی لەپارێزگاکە".
ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "ئەم هەنگاوە مەترسیدارە پێچەوانەی دەستووری عێراق‌ و بڕیاری پەرلەمانی عێراقە‌و لەلایەن پێکهاتەکانی عەرەب‌ و تورکمانەوە وەک بەشێک لەمامەڵە سیاسییەکان بۆ گەڕانەوەی کەرکووک بۆ ڕۆژانی ڕفاندن‌ و دەستگیرکردن‌و تیرۆرکردن دەبینرێت‌و پێویستە سەرکردەکانی کوتلە سیاسییەکان قسه‌یان هه‌بێت".
له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ عه‌ره‌ب‌ و توركمانه‌كان ده‌ڵێن:"بۆیە پێویستە حکوومەت ئەو چەتانەی داعش کە دەکەوێتە چەند ناوچەیەکی پارێزگاکەوە بەهێنانی دەزگای دژە تیرۆرو سوپای عێراق لەناوببات، نەک بەهەنگاونان بۆ کاریگەری لەسەر دۆخی دەستووری پارێزگای کەرکووک‌ و بۆ بەدیهێنانی خواستی هەندێک لایەنی سیاسی بۆ مەبەستی هەڵبژاردن".
له‌و ڕووه‌شه‌وه‌ هۆشداریانداوه‌و ده‌ڵێن:"ده‌بێت حكوومه‌ت ئاگاداربێت کە پێکهاتەکانی تورکمان‌و عەرەب بەیەک هەڵوێست نابن‌و پەنا بۆ هەموو بژاردە دەستوورییەکان دەکێشن بۆ ئەوەی دژی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک بن".
له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا عه‌ره‌ب‌ و توركمان داوایانكردوه‌، هەڵبژاردنەکانی کەرکووک بۆ ماوەی هەفتەیەک دوابخرێت‌و لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا ئەنجامبدرێت‌و هەموو چاودێرانی نێودەوڵەتی بانگهێشت بکەن بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەم پارێزگایە.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە