عوسمان بایدەمیر : گرینگی ئۆکسیژن بۆ ژیان چەندە گرینگە ، ڕێككەوتنی كوردیش لە رۆژئاوا دوو هێندە
پەیامی کورد ... عوسمان بایدەمیر : گرینگی ئۆکسیژن بۆ ژیان چەندە گرینگە ، ڕێككەوتنی كوردیش لە رۆژئاوا دوو هێندە
لە میانەی هەڤپەیڤینێكی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سیاسەتمەداری دیاری كورد (ئۆسمان بایدەمیر) كە پێشووتر ئەندامی پەرلەمانی توركیا
بوو لەسەر لیستی هەدەپە "پارتی دیموكراتی گەلان"، ئاماژە بەوە دەكات: "ئێمە قوربانیی زۆر گەورەمان داوە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، پارێزگاری لەو دەستكەوتانە بكەین و وەك چاوی خۆمان بیانپارێزین".
لەم هەڤپەینەدا، ئۆسمان بایدەمیر تیشكی خستە سەر چەندین بابەت و ڕوئیا و دنیابینیی خۆی لەسەر چەند پرسێك، ئەمەش دەقی هەڤپەیڤینەكەیە:
KDP.info دەمانەوێ لەوە دەست پێبكەین، ئێستا ڕەوشی سیاسیی كوردان چۆن دەبینی و شرۆڤە و راڤەتان چییە بۆ ئەم دۆخە؟ پێویستە لایەنە كوردییەكان چی بكەن لەم كاتەدا؟
ئۆسمان بایدەمیر: پێوستە ئێمە گوێ لە یەكتری بگرین و من خۆم پێموایە هەركات لەسەر بنەمای گوێدان لە بیروڕاكانی یەكتر مامەڵە بكەین،
ئەوا ٥٠%ی كێشەكانمان چارە دەبن، ئەوەی تریش دانووستانە، لەو بڕوایەدام هیچ كێشەیەك لە نێوان هێزە كوردییەكاندا بوونی نییە، ئەوەی هەیە گوێنەگرتنە لە یەكتری و یەكترقبووڵنەكردنە، دەبێ گوێ لە یەكتر بگرین و دانوستان بكەین.
KDP.info: خۆتان ئاگادارن لە رۆژئاوای كوردستان دیالۆگی كوردی- كوردی هەیە، ئەو دیالۆگەش لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی دهۆكە، كە لە ژێر سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی كرابوو، ئێوە گرنگیی ئەم ڕێككەوتنە لە چیدا دەبیننەوە كە بەردەوام بێ؟
ئۆسمان بایدەمیر: ئاو و نان و ئۆكسجین بۆ مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ چەند گرنگن، ئەوهاش ئێستا دیالۆگی كوردی - كوردی لە رۆژئاوای كوردستان گرینگی خۆی هەیە، چەند نان پیرۆزیی خۆی هەیە،
دانووستان بۆ گەلی كورد هێندە پیرۆزە، ئەو رێككەوتنە نموونەیەكی دیارە بۆ هەموو پارتە كوردییەكان و تەواوی پاڕچەكانی كوردستان،
بۆیە وەك كوردێك سوپاسیان دەكەم و پشتیوانی و دڵخۆشیی خۆم دەردەبڕم بۆ ئەوكارە، بە تایبەت بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە پشتیوانی سەرەكییە بۆ ئەو رێككەوتنە.
KDP.info: خۆتان دەزانن پێشتریش ئەم دیالۆگە هەر هەبوو، بەڵام سەری نەگرت، ئەمجارە بۆچوونت چییە؟
ئۆسمان بایدەمیر: هەموو وڵاتانی ئیقلیمی نایانەوێت ئەو پرۆسەیە سەر بگرێ و ڕێككەوتنی كوردی - كوردی بكرێ، دەبێ كورد ئاگاداری پیلانەكانی ئەم وڵاتانە بێت، چونكە ئەوان نایانەوێ كورد یەكگرتوو بن. ناشكرێت كورد لەسەر مێزی دانوستان رابن تاوەكوو ستراتیژییەكی هاوبەش و مژدەیەكی ئاشتیی ناوخۆییان پێ نەبێ، دەبێ ئەم پرۆسەیە بگاتە ئامانجێكی پیرۆز بۆ تەواوی گەلی كوردستان.
KDP.info: سەرۆك بارزانی هەر لە دوای دەستپێكردنی شۆڕشی سووریا لە ٢٠١١ـەوە هەوڵی ئەوەی دا كورد لەو پارچەیەی كوردستان یەكگرتوو بێ و رێككەوتنی دهۆك و هەولێر ١ و ٢ یان واژۆ كرد لە رۆژئاوا، دوای ئەمە بە دەستپێشخەریی مەزڵووم كۆبانی و پشتیوانیی ئەمەریكا، لایەنەكان گەیشتنە قەناعەتێك ڕێككەوتنی دهۆكی لە ژێر سەرپەرشتیی سەرۆك بارزانی بكەنە بنەما بۆ ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوا، ئێستاش سەرۆكی هەڕێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، بە هەموو شێوەیەك پشتیوانییان دەكات، بۆچوونی بەڕێزتان چییە؟
ئۆسمان بایدەمیر: بە ڕاستی هەندێك كەس و كەسایەتی هەن لە هەر چوار پارچە، دەتوانین بڵێین سەرەكین و هیچ پرۆسەیەكی ئاشتی بە بێ ئەوان سەرناگرێ، رٶڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی ئەساسییە، لەو بڕوایەدام بە بێ ئەو سەرناگرێ، دەبێ بەردەوامییان هەبێ و پشتگیرییان هەبێ، دەتوانین بڵێین ئەوانەی ڕۆڵیان گەورەیە، مەحسوبیەتیشیان گەورەیە، بە كوردییەكی خۆمان دەڵێین، ئەوانە خێریان گەورەیە و گەر تێكبچن گوناحیشیان گەورەیە، لەبەر ئەوەش دووبارەی دەكەمەوە، هەموو ئەو كارانەی دەیكەن ڕۆڵیان گەورەیە و دەبێ بەردەوام بن لە هەموو پارچەكانی كوردستان بۆ ئەوەی گەلی كورد سوودی لێ وەربگرێ، چونكە ئێستا ٤٠ ملیۆن كورد لە تەنگاوییەكی گەورەدایە، ئەم پرۆسانەش هیوای گەلی كورد گەورەتر دەكەن.
KDP.info: كورد لە باشووری كوردستان و رۆژئاڤا قوربانیی گەورەیان دا لە شەڕی داعشدا و بە نوێنەراتیی هەموو جیهان شەڕی داعشیان كرد، لەمەدا چی دەست كەوت و پاداشتیان چی بوو؟
ئۆسمان بایدەمییر: پرسیارێكی جوانە، هەموو خەبات و فیداكارییەك لە هەر چوار پارچەی كوردستان بۆ شتێكە، ئەویش ئازادیی كوردستانە، شەڕی داعشیش بۆ هەمان مەبەست بوو، كورد لە شەڕی دژی داعشدا دوو شتی گەورەیان دەست كەوت، وڵاتی خۆیان پاراست و دووەمیشیان بۆ هەموو جیهانیان سەلماند كە كورد دۆستی مەدەنیەت و دیموكراسی و وەكهەڤینە نەك دوژمنی مرۆڤایەتی، ئەوەشیان سەلماند كەوا ئێمە دژی تیرۆرین نەك لەگەڵ تیرۆر بین، بەڕاستی ئەمەش سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ هەموو كورد بۆ ئەوەی هەموو گەلانی دونیا كورد باشتر بناسن، لەمەودواش دەبێ تێبگەین هەموو وڵاتانی دونیا لە پێناو بەرژەوەندییەكانیان كاردەكەن، بۆیە دەبێ ئێمەی كوردیش ئەو كارە بكەین، سەرەتا دەبێ ئێمە یەكگرتوو بین، دەبێ ئەوەش تێبگەین لە رۆژهەڵاتی ناڤین تەنیا بۆنی مەدەنیەت لە كورد دێ، هیچ گەلێك لە رۆژهەڵاتی ناڤین جگە لە كورد بوونی نییە كە وڵاتانی دونیا پەیوەندیی مەدەنی لەگەڵدا دروست بكەن.
KDP.info: ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناڤین بەردەوام گۆڕانگاری ڕوو دەدەن هەم لەسەر ئاستی وڵاتان ڕێككەوتنی ئاشتی دەكرێن و لە هەندێك لاشەوە كار بۆ فراوانكردنی هەژموونی خۆیان دەكەن، روئیاتان چییە بۆ ئەم پێشهات و گۆڕانكاریانە و دەبێ كورد چ پلان و ستراتیژییەكیان پێ بێ. چۆن سوودمەند بێ لەمەدا و ئامادەكارییان چی بێت؟
ئۆسمان بایدەمیر: بەر لە هەموو شتێك، وەك گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان حزبە كوردستانییەكان خەبات و تێكۆشانێكی گەورەیان كرد، لە هەر چوار پارچەدا هەندێك هێز و لایەنی سەرەكی هەن دەبێ ئەو لایانانە بەرژەوەندیی نەتەوەیی پێش بەرژەوەندیی حزبی بخەن، ئەمە بۆ هەموو لایەنەكان، چونكە مانەوەی هەموو لایەنەكان لە مانەوەی نەتەوەكاندایە، دەبێ هەموو لایەنەكان لە پرەنسپی نەتەوەییدا بتوانن مانیفێستێكی هاوبەش لە شەقامی جیهانیدا ئاشكرا بكەن، كەوا بە هەموو جیهان بڵێن، ئێمەی گەلێكی ٤٠ ملیۆنی ستراتیژییەكی هاوبەشمان هەیە، دواتریش بۆ هەموو وڵاتانی دەوربەرمان دیار دەبێ كەوا ئێمە ستراتیژییەكی هاوبەشمان هەیە.
KDP.info: كورد قوربانیی گەورەیان داو ە تا بوونەتە خاوەن دەستكەوت، پێویستە چی بكا پارێزگاری لەم دەستكەوتانە بكات؟
ئۆسمان بایدەمیر: ئێمە قوربانیی زۆر گەورەمان داوە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، پارێزگاری لەو دەستكەوتانە بكەین و وەك چاوی خۆمان بیانپارێزین، هەموو دەستكەوتێكی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان دەستكەوتی ٤٠ ملیۆن كوردە، هەموو وڵاتان دەبێ بە ئاشتیانە لەگەڵ كورد كار بكەن، چونكە ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناڤین، پەیوەستە بە چارەسەكردنی كێشەی كورد، كورد هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ وڵاتێك، ئەگەر سەیری رۆژئاڤای كوردستان و باشووری كوردستان بكەین، پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لە ناوەندەكاندا و لە پەرلەمانی كوردستان نوێنەریان هەیە، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەیەنێت، كە كورد نوێنەر و باڵیۆزی ئاشتین لە رۆژهەڵاتی ناڤین.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە