عەبدۆلخالق تەلعەت ڕوونکردنەوە لە سەر کاریگەرییەکان پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە سەر لیوا هاوبەشەکان دەدات
نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە ئۆپڕاسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پرسی پێکھێنانی دوو لیوای ھاوبەش کۆتایی ھاتووە و پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەت ھەندێک دوای خستووە.
لیوا عەبدۆلخالق تەڵعەت، نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە ئۆپڕاسیۆنە ھاوبەشەکان، ڕاگەیاند: "پرسی پێکھێنانی دوو لیوای ھاوبەش لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستاندا کۆتایی ھاتووە، بەڵام ھەندێ کێشەی ھونەری ھەیە و، لەوانەیە پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیش کاریگەریی کردبێتە سەر پڕۆسەی دەست بەکاربوونی دوو لیوا ھاوبەشەکە، چوونکە پێکھێنانی دوو لیوای ھاوبەش کارێکی ئاسان نییە.''
نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە ئۆپڕاسیۆنە ھاوبەشەکانی عیراق ڕوونی کردەوە: "ھەندێ پڕۆسە ھەیە کە کاتی پێویستە، چوونکە مووچەی ئەو دوو لیوایەش دەخرێتە سەر حکوومەتی فیدڕاڵ، لەگەل ئەوەشدا لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستبەکار دەبن.''
لیوا عەبدۆلخالق تەڵعەت دەشڵێت: "پێکھێنانی دوو لیوای ھاوبەش کاریگەریی لەسەر جووڵەی داعش و پاراستنی ڕەوشی ئەمنی ئەو ناوچانە دەبێت، بەتایبەتی کە ئێستا ڕەوشی ئەو ناوچانە ئاڵۆزە و داعش ماوەیەکە دەستی بە جووڵە و ھێرشی زیاتر کردووە.''
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە