عەبدۆلسەلام بەرواری : ئەمجارە هیچ ڕێگایەک نەماوە و پێویستە وادەی هەڵبژاردن دیاری بکرێت

پەیامی کورد   ...   عەبدۆلسەلام بەرواری : ئەمجارە هیچ ڕێگایەک نەماوە و پێویستە وادەی هەڵبژاردن دیاری بکرێت

چاودێرێکی سیاسی باس لەوە دەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت، ئەمجارە هیچ ڕێگەی دی نییە و پێویستە وادەکەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی کۆمیسیۆن دەست بە ئامادەکارییەکان بکات.

عەبدۆلسەلام بەرواری ، چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی شاندی دانووستانکاری پارتی، ڕایگەیاند : سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ جاری سێیەمە بە ئەرکی یاسایی خۆی هەڵدەستێت، چوونکە ئەرکی سەرۆکی هەرێمە داوا لە حکوومەت و پەرلەمان بکات ئامادەکاری بکەن بۆ هەڵبژاردن، بەڵام بەداخەوە لایەنێک بەربەستی درووستکرد و هەڵبژاردن لە وادەی خۆی نەکرا و دواتر بڕیاری دادگای فیدراڵی درا ، بۆیە سرووشتییە کۆمیسیۆنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی  پەرلەمانی کوردستان بکات، ئەمجارە سەرۆکایەتی هەرێم بووە چەترێک بۆ هەرێمی کوردستان تا لەگەڵ لایەنەکان گفتوگۆ بکات بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمیسیۆن ڕایگەیاندووە: ناتوانین پێش 17/2هەڵبژاردن ئەنجام بدەین، دواتر هەر کاتێک دیار بکەن ئامادەین، بۆیە هیوادارین  ئەمجارە بەربەست درووست نەکرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت، چوونکە پارتی زیاتر سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەوانەی دیکە کێشەی ناوخۆییان هەیە، ئەوەش جێگەی داخە بۆ پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بۆ سومعەی هەرێم باش نییە، چوونکە پرۆسەی دیموکراسی پێویستی بەوە هەیە  هەڵبژاردن بکرێت .

عەبدۆلسەلام بەرواری ووتیشی: حکوومەت و سەرۆکی هەرێم و پارتی دێن بۆ هەڵبژاردن، چوونکە پارتی هەمیشە پابەندی وادە دەستورییەکانە بۆ هەڵبژاردن، بۆیە ئەمجارە هەر چۆنێک بێت پێویستە وادەکە دیار بکرێت ئینجا رێککەوتن بکرێت،  چارەی دیکە نییە و پێویستە هەڵبژاردن بکرێت و چیتر دوانەخرێت، چوونکە ھیچ رێگەی دیکە نەماوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان شەرعییەتی خۆی لەدەست نەدات.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە