عەبدۆلسەلام بەرواری : سەرۆکی هەرێم ئەمجارە دوایین وادە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەستنیشان دەکات
پەیامی کورد ... عەبدۆلسەلام بەرواری : سەرۆکی هەرێم ئەمجارە دوایین وادە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەستنیشان دەکات
چاودێرێکی سیاسی باس لەوە دەکات ئەنجامدانی گفتوگۆ هەنگاوێکی زۆر باشە و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش ئەمجارە وادەیەک بۆ هەڵبژاردن دیاری دەکات بە ڕەزامەندی هەموو لایەک بێت و گەرەنتی هەبێت کەس ڕێگر نەبێت، دوایین وادەبێت بۆ ئەوەی کۆمیسیۆن ئامادەکاری دەستپێبکات ، بۆیە ئەو گفتوگۆیانەی کراون ئیجابین.
عەبدۆلسەلام بەرواری، چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند : ئەوەی گرینگە .. لە کۆبوونەوەی ڕابردووی نێوان هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی .. جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە پابەندی ئەو وادەیە دەبن کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕاوێژ لەگەڵ حیزبەکانی دیکە نیشانی دەکان، بەڵام پێویستە هەندێک بەرپرسی ئەوان خۆیان بەدوور بگرن لە لێدوانێک ببێتە هۆی تێکچوونی کەشەکە، چوونکە شێوازی هەلبژاردن یەکلایی بۆتەوە .. بەپێی یاسای کۆن دەبێت و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی دەدات، بۆیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە جۆرێک وادەیەک دیار دەکات هەمووان پێی ڕازی بن.
عەبدۆلسەلام بەرواری ووتیشی: سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی یاسایی خۆی هەڵساوە و دوو جار وادەشی دیار کردووە، بۆیە پێویستە ئێستاش سەرۆکی هەرێم وادەیەک دیار بکات بۆ ئەوەی کۆمسیۆن بە ئامادەکاریەکانی خۆی هەڵسێت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەمجارە وادەیەک دیار دەکات کە دڵنیابێت، گەرەنتی هەبێت ڕێگری ناکرێت و لەئەنجامدا هەڵبژاردن بە ڕەزامەندی هەموولایەنەکان بێت.
بەرواری ڕوونیشی کردەوە: زۆر گرینگە کۆبوونەوە بکرێن و لەسەر پرسەکان گفتوگۆ بکرێت، باشترە لەوەی کۆبوونەوە نەکرێت و لە میدیا باس بکرێت، بۆیە ئێستا دۆخەکە باشترە بۆ ئەوەی گفتوگۆکان بەردەوام بن.
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە