عەبدۆڵڵا ئاکرەیی : ماوەی ٦ مانگە ھیچ کردەوەیەک لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان دژی ئێران ئەنجام نەدراوە

پەیامی کورد   ...  عەبدۆڵڵا ئاکرەیی : ماوەی ٦ مانگە ھیچ کردەوەیەک لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان دژی ئێران ئەنجام نەدراوە

بەرپرسێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ھەرێم و ئێران لێک تێگەیشتنیان ھەیە بۆ پاراستنی سنووری نێوانیان، دەشڵێ: شەش مانگە ھیچ جۆرە ھێرش و کردەوەیەک دژی ئێران ئەنجام نەدراوە لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان.

عەبدۆڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوبەری گشتی پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئێران ڕایگەیاند: ئێمە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتووینەتە ڕێککەوتن لەنێو خاکی ھەرێمی کوردستانەوە ھێرشی چەکداری بکرێتە سەر ئێران، یان بارەگای فەرمی لەسەر سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ھەبێت، ھەنگاوی باش نراون بەڵگەشمان ھەیە ماوەی شەش مانگە ھیچ کردەوەیەک دژی ئێران لەسەر خاکی ھەرێمی کوردستان نەکراوە، ئێرانیش خۆی ئەوە دەزانێت.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئێران ووتی:  ئێستا لێک تێگەیشتن ھەیە و ئێرانیش ڕەزامەندە لەسەر ئەو ھەنگاوانەی نراون، ئێمەیش ڕێگە نادەین ھیچ کەسێک ببێتە مەترسی بۆسەر دراوسێیەکانی ھەرێم ھەم بۆ تورکیا و ھەمیش بۆ ئێران.

عەبدۆڵڵا ئاکرەیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئەوەی لەتوانای ھەرێمی کوردستان دابێت لەڕووی ئەمنییەوە ئەنجامی دەدات بۆ پاراستنی سنوورەکان، لەبەر ئەوەی بازرگانی و ھاتووچۆی ھاووڵاتییانی ئێمە لەسەر سنوورەکانە، ھێندەی منیش ئاگادارم لە دوای ١٩ی مانگەوە برادەرانی ئێران ڕازین بە ڕێکارەکانی پاراستنی سنوور لەلایەن ھەرێمی کوردستان.


ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە