عەربی ئەلجەدید: ئەمریکا بەرامبەر ئازادکردنى هاووڵاتییەکانى لە بەندیخانە ڕازییە بە ئازادکردنى پارە بلۆککراوەکانى ئێران

پەیامی کورد    ...   عەربی ئەلجەدید: ئەمریکا بەرامبەر ئازادکردنى هاووڵاتییەکانى لە بەندیخانە ڕازییە بە ئازادکردنى پارە بلۆککراوەکانى ئێران

سەرچاوەیەکى ئاگادار باسى لەوەى کردووە کە سەرەڕاى جیاوازی و هاودژییەکان لەسەر ژیاندنەوەى بەرجام، ڕێککەوتنى ئێران و ئەمریکا لەبارەى ئازادکردنى بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانى ئێران لەبەرامبەر ئازادکردنى ٣ هاووڵاتى ئێرانى ـ ئەمریکى، گەیشتووەتە بەرەبەرى کۆتایی.

هەواڵدەرى ئەلعەربی ئەلجەدید لە زمانى سەرچاوەیەکى نزیک لە تیمى گفتوگۆ ناڕاستەوخۆوەکانى کۆمارى ئیسلامى و ئێران، باسیان لەوە کردووە کە ئێران و ئەمریکا لە بەرەبەرى ڕێککەوتنن کە بەو مەرجەى ئەمریکا پارە بلۆککراوەکانى کۆمارى ئیسلامى لە دەرەوە ئازاد بکات و لە بەرامبەریشدا کۆمارى ئیسلامى ٥ هاووڵاتى ئێرانى ـ ئەمریکى کە لە زیندانن، ئازاد بکات.

ئەم سەرچاوەیە کە نەیویستووە ناوى ئاشکرا بێت، وتوویەتى کە ئەگەر کێشەیەکى نوێ نەیێتە پێشەوە، ئەم ڕێککەوتنە تا چەند ڕۆژى دیکە جێبەجێ دەکرێت. هەروەها سەرچاوەکە وتووشیەتى کە ئەم ڕێککەوتنە لە چوارچێوەى لێکتێگەیشتنێک لە نێوان ئێران و ئەمریکا و بە نێوەندگیرى ووڵاتانى ئەورووپی و ناوچەکە ئەنجام دەدرێت و هەروەها ئەوەشى تێدایە کە دەبێت کۆمارى ئیسلامى واز لە درووستکردنى شەڕەنگێزى و ئاژاوەنانەوە بهێنێت.

سەرچاوەکە باسى لەوەش کردووە کە بە جێبەجێکردنى ئەم ڕێککەوتننامەیە، ئێران هەندێک لە هەنگاوە ئەتۆمییەکانى خۆى بە شێوەى کاتى ڕادەگرێت و ئاژانسى نێونەتەوەیی ش بە شێوەى سنووردار بەدواداچوونەکانی زیاتر دەکات.

بە پێى ئەم ڕاپۆرتەى ئەلعەربی ئەلجەدید، ئەمریکا ڕازى بووە کە ٧ ملیار دۆلارى ئەمریکا لە کۆریاى باشوور ئازاد بکات و لە بەرامبەریشیدا هەر سێ هاووڵاتى ئێرانى ـ ئەمریکى، واتە موراد تەهباز و سیامەک نەمازى و باوکیشى محەمەد باقر نەمازى ئازاد بکات.

ئەم سەرچاوەیە باسى لەوە کردووە کە ماڵ و پارەى ئازادکراو دەخرێتە هەژمارێکەوە لە دەرەوەى ئێران و کۆمارى ئیسلامیش بە شێوەى کاش دەتوانێت هەڵی بگرێت و بۆ کڕینى کەلوپەل و کەرەستەى سەرەکى سوودى لێ وەربگرێت.

سەرچاوەکە وتووشیەتى کە گفتوگۆکان بۆ ژیاندنەوەى ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەى ئێران (بەرجام) درێژەیان هەیە، هەرچەندە گەیشتن بە ڕێکەوتن هەروا نزیک نییە و هەردوو لایەن بۆ گەیشتن بە چارەسەر زۆر دوورن و ڕێککەوتنى ئازادکردنى پارە بلۆککراوەکان بەرامبەر ئازادکردنى هاووڵاتیانى ئەمریکایی، پاش ئەوە کراوە کە گفتوگۆکانى ڤیەن لە ئایندەیەکى نزیک ناگاتە چارەسەر.

ئەم سەرچاوەیە وتووشیەتى کە دەوڵەتى ئەمریکا " لانى کەم " بۆ لابردنى ناوى سوپاى پاسداران لە لیستى گرووپە تیرۆریستییەکان ڕازى بووە، بەڵام هێشتا ڕازى نەبووە بە لابردنى گەمارۆکان و لەمەڕ هێزى سوپاى قودسى پاسداران و لابردنى نێوى لە لیستى ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دژە.

لە لایەکى دیکەوە، بە قسەى سەرچاوەکە، لایەنى کۆمارى ئیسلامى بەردەوامە لەسەر پێداگرى لە لابردنى سوپاى پاسداران و قودس لە لیستى ڕێکخراوى تیرۆریستییەکان و لابردنى گەمارۆکانى سەر ناوەندەکانى پەیوەست بە سوپاى پاسداران


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە