عەلى باباجان: چارەسەرى پرسى کورد لە نێو پەرلەمانى تورکیا بێ سوودە و دەوڵەت خۆى بەشێکە لە کێشەی ئەو پرسە
پەیامی کورد ... عەلى باباجان: چارەسەرى پرسى کورد لە نێو پەرلەمانى تورکیا بێ سوودە و دەوڵەت خۆى بەشێکە لە کێشەی ئەو پرسە
عەلى باباجان لە مەراسیمى کردنەوەى ئۆفیسى نوێى حیزبەکەى حیزبی دیموکراسى و پێشکەوتن (DEVA)، باسى پرسى کوردى کرد و ووتى "حکوومەتى تورکیا خۆى بەشێکە لە پرسى کورد و گفتوگۆکردن لەگەڵ پەرلەمانى تورکیا لەسەر چارەسەرى کێشەى کوردە بێ سوودە".
عەلى باباجان وەک کاردانەوەیەک لە نەبوونى خزمەتگوزارى بە زمانى کوردى لە پەرلەمانى تورکیا، ووتى ڕەفتارگەلی ڕەگەزپەرەستانە لە تورکیا بوونی هەیە. عەلى باباجان لە مەراسیمەکەدا کە لە سنیورت بەشدار بوو، باسى لەوە کرد کە زمانى کوردى زمانى ملیۆنان کەسە لە تورکیا و "ئەوان (حیزبی دەسەڵاتدار) دەڵێن شتێک نییە بە ناوى کێشەى کورد، ئێوە ناوى ئەم ڕەفتارە چ لێ دەنێن؟ ئێمە لە حەوتووى ڕابردوو لە چالاکییەکانى پەرلەمان بینیمان کە پرسى کورد چییە و چ نییە! ئەمە ئایدئۆلۆژیایەکى ڕەگەزپەرەستانەیە و دەبێت بگۆڕدرێت. ناوى ئەم پرسە، پرسى کوردە".
باباجان لە درێژەى قسەکانیدا ووتى: "زمانى کوردى مافى ڕەواى ئەم خەڵکەیە و نابێت گفتوگۆ و ڕێککەوتنى لەسەر بکرێت. ئەرکى دەوڵەت بەفەرمی ناساندنى هەموو ئەم مافەیە. ئێمە پرسى کورد دەبینین و دەیناسین و دەزانین کە ڕێگەچارەسەرەکەى لە ڕێگەى سیاسەتەیلى مەشرووع و دیموکراتیکەوە دەبێت. خۆزگە پەرلەمان توانای چارەسەرکردنی ئەم پرسەی هەبوایە ، بەڵام چاوەڕوانییەکانى ڕێگەچارە لە پەرلەمانى ئێستا بێسوودە. لە ئێستادا حکوومەت خۆى بەشێکە لەم پرسە، سەرچاوەى دروستبوونى پرسەکەیە".
جێگەى باسە لە حەوتووى ڕابردوو بوارى وەرگێڕان و خزمەتگوزراى بە چوار زمانى ئینگلیزى و فەڕەنسى و ڕوسی و عەرەبی لە پەرلەمانى تورکیا فەراهەم کرا، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە زمانى کوردى وەک زمانى زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەس کە هاووڵاتى ئەو ووڵاتەن، یاساغە.
ئەم بابەتە 12010 جار خوێندراوەتەوە