عەلی باباجان و کلیچدارئۆغڵو : پەیەدە و یەپەگە ڕێکخراوی تیرۆریستی نین
پەیامی کورد ... عەلی باباجان و کلیچدارئۆغڵو : پەیەدە و یەپەگە ڕێکخراوی تیرۆریستی نین
هەریەکە لە کەمال کلیچدارئۆغڵو، کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا و عەلی باباجان، سەرۆکی گشتی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) دەڵێن، ئەگەر پارتی یەکیتی دیموکرات (پەیەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) هاوشێوەی پەکەکە بن، بەڵام "ڕێکخراوی تیرۆریستی" نین.
کەمال کلیچدارئۆغڵو، کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لەبارەی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) باسی لەوەکردووە، "بۆ ئێمە پەیەدە و یەپەگە رێکخراوێکی تیرۆریستی نیین ئەگەر لە بنەڕەتیش دا هاوشێوەی پەکەکە بن، ڕێکخراوی تیرۆریستی هاووڵاتی سڤیل، گەنج، پیر، ژن یان پیاو دەکوژن، بەڵام تا ئێستا یەپەگە کارێکی لەو شێوەیەی لە دژی تورکیا و گەلەکەی جێبەجێ نەکردوە".
ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر کارێکی لەوجۆرە بکرێت بێگومان ئێمە دژایەتی دەکەین، یەپەگە رێکخراوێکە بۆ ڕزگارکردنی زێدی خۆی ڕێکخراوە، پێویستە ئەمە لەبەرچاو بگیرێت"، ووتیشی، "ئەو پرسە بە چەک چارەسەر ناکرێت، ئەگەر چارەسەر بکرایە تا ئێستا چارەسەر دەکرا".
هاوکات عەلی باباجان یەکێک لە هاوبەشانی هاوپەیمانی 7 قۆڵی لەدژی دەسەڵاتەکەی رەجەب تەئیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاک پارتی و سەرۆکی تورکیا، سەبارەت بە هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند : "هەرچەندە پەیەدە و یەپەگە لە بنەڕەت دا هاوشێوەی پەکەکەن، بەڵام ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نین کە لەلایەن یەکێتی ئەورووپا و زۆرێک لە ووڵاتانەوە پێناسە دەکرێن".
ئاماژەی بەوەش کرد، "تیرۆر پێناسەیەکی هەیە، ئەمە تەنها پێناسەی تایبەتی ئێمە نییە، پێناسەیەکی نێودەوڵەتی هەیە ئەگەر ڕێکخراوێک تیرۆریستی بێت شەڕی لەگەڵ دەکەین تا کۆتایی، بەڵام بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەنها بە چەک ئەنجام نادرێت".
تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە هەڵبژاردنەکان نزیک دەبێتەوە، کە بڕیارە لە 14ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، کە وەک هەڵبژاردنێکی گرینگ لە مێژووی ووڵاتەکەدا دەبینرێت لە مێژووی 100 ساڵەی کۆمارەکەدا، لەو چوارچێوەیەدا پەیامی پشتیوانی لە قەندیل و کوردانی باکووری کوردستان لەلایەن کەمال کلیچدارئۆغڵو، کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ سەرۆکایەتی بەردەوامە.
ئەم بابەتە 11983 جار خوێندراوەتەوە