فازل میرانی  :  ئەوەی پێویستە لەسەر مرۆڤ کە ئازا و نەترس بێت

پەیامی کورد     ...   فازل میرانی  :  ئەوەی پێویستە لەسەر مرۆڤ کە ئازا و نەترس بێت

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ووتی، لە سەرەتای سەرھەڵدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان پیلانگێڕی دوژمن و ناحەزانی ئێمە بۆ ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام لە بەرانبەر ئەوە خۆڕاگری و سەربلندی خەڵکی کوردستان بەگشتی و سەرھەڵدان و خۆنەچەماندنی پارتی بەتایبەتی بەردەوامە، ھەربۆیەش ئێمە ماوین.

لە میانەی کردنەوەی بارەگای نوێی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاکرێ، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ووتارێکدا ووتی: "ئەوەی پێویستە لەسەر مرۆڤ کە ئازا و نەترس بێت و لاپەڕەی ھەڵەی خۆی لە مێژوودا پەیدا بکات تا دووبارە نەبێتەوە و ئەگەر ھات و بە جۆرێک لە جۆرەکان دووبارەش بووەوە، زوو چارەسەری بکات، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بەردەوام خاوەنەکەی سەرفرازە، لە ساڵی ١٩٩١ من ھاتمە ئەو بارەگایەی ھەیە کە یەکەمین ئەندامی سەرکردایەتی بووم کە ئەوکات بارەگای حیزبی بەعس بوو و شەو ماینەوە و فایلەکانی حیزبی بەعسمان یەک بە یەک خوێندەوە، دیار بوو حیزبی بەعس تەنھا حیزب نەبووە و ئەمنیش بووە کە چۆن چاودێری خەڵکی ئاکرێی کردووە، ئەمەش ئەوە دەگەێنێت خەڵکی ئێرە تێگەیشتوون و دەستکاری بارەگاکەیان نەکرد، تا من لە بەیروتەوە ھاتم کە ئەوکات دکتۆر سەباح حەجی عوبەید لێرە بوو، پێمان ڕاگەیاند دەستکاری ئێرە نەکەن بۆ زانیاری ئێمە زۆر باشە ."

فازل میرانی ووتیشی: "ئەمڕۆ ئێمە لە بارەگایەکی دیکەداین و پیرۆز و موبارەک بێت لە خەڵک و شەھید و بزربووانی ئاکرێ و ئامادەبووان، بەڵام چەند کەیفمان بەو بارەگایە دێت، کەیفمان بەوانە دێت کە لەو بارەگایەدان، چوونکە وەکوو عەرەب دەڵێن کێ لەو بارەگایەدانە و چۆنە، چونکە لە ساڵی ١٩٧٤ ئێمە لە ئەشکەوتی بجیل بووین و فڕۆکە نەیدەھێشت دەرکەوین، بەڵام وەکوو سەرۆک دەڵێ، خۆمان نەچەماند و لە خەبات بەردەوام بووین تا سەرھەڵدان و لە ئاوارەیی، بۆیە ئەوانەی لەناو بارەگادان، بارەگا بە ئەوانەوە جوانە، نە ئەوان بە بارەگاوە جوانن، ئەمە لای من خاڵێکی ستراتیژییە و پێویستە بەرپرس و کادیر و قایمقام و پۆلیس و ھەمووان سەربەز بن بەخۆیان کە چۆن کوردستانیان ئازاد کردووە، بیشیپارێزن و بارەگای خۆیان دەپارێزن و ووڵاتی خۆیان جوان دەکەن."

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەش کرد: "کیفایەت نییە تەنھا بارەگا جوان بکەین، پێویستە کوردستان لە خانەقین تا زاخۆ جوان بکەین و پێویستە ئەوە باس بکەین کە پیلانگێڕی دژی ئەو ئەزموونە بەردەوامە ھەر لە سەرەتای سەرھەڵدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستانەوە دوژمن و ناحەزانی ئێمە بەردەوام بوونە تا ئەم خەبات و ڕێبازە کۆسپی لە بەردەم دانێن و بۆمبی لە ڕێگەی بتەقێنن، ئەوەی دوێنێ و ساڵانی ١٩٩٢ و ١٩٩٤ و ئەمە بەردەوامی  ئەوانە، بەردەوامی تێکچوونی کۆماری مھابادە و بەردەوامی ڕێککەوتنی جەزائیرە کە شۆڕشی ئەیلوولی لەناو برد و بەردەوامیی کیمیابارانکردنی ساڵی ١٩٨٨ و ئەنفالە و بەردەوامی ھێرشی سەر ووڵات لە ساڵی ١٩٩١ و لە بەرانبەر ئەودا خۆڕاگری و سەربڵندیی خەڵکی کوردستان بەردەوامە بەگشتی و بەتایبەت سەرھەڵدان و خۆنەچەماندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و قوربانیدانی."

ووتیشی: "ئەو پێنج پێشمەرگەی دوێنێ شەھید بوون، بەردەوامیدانی شەھیدانی پێشوون لە شۆڕشی بارزانەوە تا ئێستا ئەو میللەتە و پارتی بەردەوام شەھید دەدات، بۆیە ئێمەش ماوین و بەردەوامین و دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی ڕووبەڕووی شتێک دەبینەوە، خەڵک دیەوێت ئێمە نەبین و، نەبینە خاوەن کیانی خۆمان، ھاووڵاتی سادە بین و خزمەتکاری ئەو و ئەو بین، بەڵام کاتێک بینییان ئێمە ھەین وەکوو ئێمە و، دەمانەوێت نەک وەکوو ئەوان بین، چاویان پێی ھەڵنایە."

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموراتی کوردستان و ژمارەیەک ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی و بەرپرسانی لقی نۆ لە ڕێورەسمێکدا بارەگای نوێی لقی نوێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاکرێ  کرایەوە.


ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە