فازل میرانی : دەبێت ئێمە نەخۆشی کورد چارەسەر بکەین
پەیامی کورد ... فازل میرانی : دەبێت ئێمە نەخۆشی کورد چارەسەر بکەین".
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، ئەمڕۆ لە عێراق ھەمووان چاویان لە سەرۆک بارزانییە و کلیلی چارەسەری کێشەکانی عێراق لە دەستی ئەودایە. باس لەوەش دەکات، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی بە نوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی چووە نەجەف بۆئەوەی نێوماڵی شیعە یەکبخات، بەڵام دەبێت خۆشمان پێک بێینەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە پیرمام لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانیدا، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد، لە سەرەتادا فازڵ میرانی لە بەشێکی ووتارەکەیدا ئاماژەی بە رۆڵی سەرۆک مەسعوود بارزانی لە یەکخستنی لایەنە عێراقییەکان کرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ دیسان چاوی ھەموویان لە سەرۆک مەسعوود بارزانییە، ئێستا ئەو دەبێت لە عێراق کلیلی دەرگاکان بکاتەوە".
فازڵ میرانی ئاماژەی بە سەردانەکەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی بۆ نەجەف و کۆبوونەوەی لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر کرد و ووتی: "ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی چووە نەجەف و ئینشاڵڵا بە سەلامەتی و سەرکەوتوویی بێتەوە، ئێمە لەگەڵ جیابوونەوەی برا شیعەکان و سوننەکانیش نین، سوننەکانمان پێکھێنان، بەڵام باشە خۆشمان پێک بێینەوە، چوونکە ناکرێت دکتۆر چارەسەری نەخۆش بکات و خۆشی نەخۆش بێت، نەخۆشی کوردیش دەبێت ئێمە چارەسەری بکەین".
دەربارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ نەجەف، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی ووتی: "ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی کاک نێچیرڤان چووە نەجەف بۆ ئەوەی پرسی نێو ماڵی شیعە چارەسەر بکات".
فازڵ میرانی ووتی، ئەگەر ئەم ھەوڵە سەرکەوتوو بوو، ئەوا کارێکی زۆر باشە، بەڵام ئەگەریش رازی نەبوو، ئەو کاتە چوارچێوەی ھاوئاھەنگی دەزانن کە سەرۆک بارزانی ھەوڵی تەواوی داو نێچیرڤان بارزانی ناردە لای موقتەدا سەدر بۆ ئەوەی نێو ماڵی شیعە یەکبخات، ھاوکات سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بە دۆخی سیاسی ئێستای عێراقیش کرد و گوتی، عێراق سەقامگیر بێت بۆ ئێمە باشە.
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە