فازل میرانی ڕوونکردنەوەیەک دەربارەی سەردانی پافڵ تاڵەبانی بۆ دیداری سەرۆک بارزانی ڕادەگەینێت
پەیامی کورد ... فازل میرانی ڕوونکردنەوەیەک دەربارەی سەردانی پافڵ تاڵەبانی بۆ دیداری سەرۆک بارزانی ڕادەگەینێت
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دهڵێت، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی سەردانی سەرۆک بارزانی دەکات، ئومێدەوارین کە کۆبوونەوەیەکی باش بێت و پاش ئەوە مەکتەبی سیاسی هەردوولا دابنیشن بە شێوەیەک لە شێوەکان رێک بکەوین دهشڵێ، لەم ٧٢ کاتژمێرەی دێت هەتا یەکشەممە شتەکان رۆشنتر دەبێت.
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاندووە : "ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی سەردانی سەرۆک بارزانی دەکات، ئێمە دەبێت کاندیدێکی ترمان یەدەگ زەخیرەمان هەبێت ئینجا ئێمە لەگەڵ یەکێتی رێکبکەوین یان رێکنەکەوین دادگای فیدراڵی رای خۆی بگۆڕێت یان نەگۆڕێت، ئیحتیات باشە ئێمە کاندیدێکی ترمان دەبێت".
ووتیشی: " ئەگەری زۆرە کاک دکتۆر فوئاد یەکێک بێت بۆ نموونە دەڵێم، دەمێنێتەوە سەر کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کاک بافڵ لەگەڵ جەنابی سەرۆک، ئومێدەوارین کە کۆبوونەوەیەکی باش بێت پاش ئەوە مەکتەبی سیاسی هەردوولا دابنیشن بە شێوەیەک لە شێوەکان رێکبکەوین، ئینجا چ برادەرانی یەکێتی لە قەرەبووی سەرۆککۆمار رازی بن چ لەسەر کاندیدێکی هاوبەش رێکبکەون، ئەمە لە بەرژەوەندی کورد و کوردستاندایە و لە بەرژەوەندی هەردوو حزبیشدایە، لەم ٧٢ کاتژمێرەی دێت هەتا یەکشەممە شتەکان رۆشنتر دەبێت".
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی، ئاماژە بەوەش دەکات: "ئەگەری زۆرە لەسەر کاندیدێک کە لە هەردوولا نەبێت رێکبکەوین، بەڵام من بە کۆنکریتی ناڵێم، وە لەوانەیە ئەوەش لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت، بەڵام ئەوە چەندین جارە سەرۆککۆمار بۆ برادەرانی یەکێتیە قەیچێکە با ئەم چوار ساڵەش بۆ پارتی بێت، برادەرانی یەکێتی پۆستەکانی تر وەربگرن، بە کورتی لەم دوو سێ بژاردەیە زیاترمان نییە، یان بەداخەوە هەردوولامان دەچین خەڵکێکی غەیری کورد دیاری دەکەین یان دەنگی پێدەدەن کە باش نییە بۆ ئێمە وەکوو میللەتێک یاخود لەسەر کاندیدێکی غەیری پارتی و یەکێتی رێکدەکەوین، یان ئەوەتا هەردوولامان لەسەر کاندیدێکی پارتی یان یەکێتی رێکدەکەوین ئیتر بە یەک کاندید دەچینەوە بۆ هەڵبژاردن و ئینشاڵڵا ئەوە ببێت".
لەبارەی دەنگۆی کاندید کردنی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، فازڵ میرانی دەڵێ: "نە من تەمام تێدا هەبووە و نە تەماشم تێدا هەیە، ناوی من لای خۆتان لە ریزی کاندیدەکان بسڕنەوە چوونکە من بەنیاز نیم".
هەر دەرباروەی پۆستی سەرۆککۆمار، میرانی باس لەوە دەکات: "بۆ کوردستان پۆستی سەرۆککۆمار قازانجێکی وای نەبووە مەگەر کوردێک بووە بە سەرۆککۆماری عێراق بۆ مەکانەتی کوردە، چوونکە یەکەم دەسەڵاتی دیاریکراوە، دووەم بێجگە لە خوالێخۆشبوو مام جەلال نەبێت مام جەلال دەسەڵاتی بەخۆی دەدا بە پەیوەندی کەسی شتێکی دەکرد بۆ کوردستان، لە رێگەی بودجە بێت یان مەسەلەی تر بێت، بەڵام لە دوای ئەوە هیچ قازانجێکی نەبووە، من تەسەور ناکەم ئەوەی لەدوای مام جەلال یەکێتی بێت یان پارتیش بتوانن ئەوەی مام جەلال کردوویەتی بیكهن".
سەبارەت بە ڤیتۆی پارتی لەسەر بەرهەم ساڵح، دەڵێ: " بە بۆچوونی ئێمە هەندێک هەنگاوی هاویشتووە کاک بەرهەم نەدەبووایە بیهاوێژێت، زیانی لە کورد داوە و بۆ کورد هیچی نەکردووە، ئەوەی کە دەبینین، من دەڵێم ئەو زیرەکیەی کاک بەرهەم هەیەتی بۆ کورد بەکاری نەهێناوە لە سەرۆکایەتی کۆمار بۆ یەکێتی و پارتیش بەکاری نەهێناوە، دەکرێت بڵین بۆخۆی بەکاری هێناوە، من نامەوێت لەوە زیاتر مەسەلەی کەسی باس بکەم، چوونکە هەڵسەنگاندنی کاک بەرهەم دەبێت یەکێتی نیشتمانی بیکات، چ ئەو ماوەیەی دەرچوو چ ئەو ماوەیەشی گەڕایەوە ناو یەکێتی چ ئەو ماوەیەی سەرۆککۆمار بووە، یان سەرۆککۆمار نەبووە، لەبەر ئەوە من حەز ناکەم خۆم بکەمە بریکاری یەکێتی و هەڵسەنگاندنی کاندیدی ئەو بکەم، هەرچەندە نوێنەری کوردیش بووە لەوێ ئەوەشی دەنگی پێنەداوە، بەڵام خۆ ئەو کوردێکە ئێمە پێخۆشحاڵ دەبین بە باشیەکانی و بە هەڵەکانیش پێی قەڵس دەبین، چونکە بە حوکمی ئەوەی نوێنەری هەموومانە بەشێوەیەکی واقیعی و مەنتیقی، ئەوە زیاتر بۆ برادەرانی یەکێتی جێ دەهێڵم".
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە