فازڵ میرانی پێشوازی لە کونسووڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەولێر کرد

پەیامی کورد   ...  فازڵ میرانی پێشوازی لە کونسووڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەولێر کرد

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە کونسووڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەولێر کردوو باسیان لە گرینگی یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا کرد.

لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە پیرمام ، فازڵ میرانی ، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی ، پێشوازی لە (یان برێم) کونسووڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەولێر کرد.

لە دانیشتنێکدا فازڵ میرانی وێرای بەخێرھێنانی پیرۆزبایی لە (یان برێم) بە بۆنەی دەست بەکاربوونی وەک کونسووڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەولێر و ھیوای خواست لە ئەرکە تازەکەیدا سەرکەوتووبێت.

ھاوکات فازڵ میرانی پەیوەندی دووقۆڵی لە نێوان فەڕەنسا و ھەرێمی کوردستان بە مێژوویی و زۆر سەرکەوتوو لە قەڵەم داو ڕۆڵی گەل و حکوومەتی فەڕەنسا لە پشتیوانیکردنی گەلی کوردستان و ھەرێمی کوردستان بە گرینگ وەسف کردوو جێگای سوپاسە.

ھەروەھا فازڵ میرانی پوختەیەک لەسەر کوردستان و گەلی کوردستان و کوردستانیان پێشکەش کردوو دووپاتی کرد سەرەڕای ئاڵۆزییەکان ھەرێمی کوردستان شوێنی ھەرە سەقامگیرە لە ناوچەکەداو کێشەکانی نێوان بەغداو ھەولێر کێشەکە لەسەر جۆری ھزرکردنەوەو عەقلیەتی دەسەڵاتدارانی بەغدایە نەک کەسەکان و ئاریشەی ھەرە گرینگ پێشێلکردنی بڕگەکانی دەستووری عێراقە و جێبەجێ نەکردنی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە.

فازڵ میرانی ھاوڕیزی ھێزە سیاسیەکانی کوردستان بە گرینگی بۆ ئەم قۆناغە وەسف کرد، لەلای خۆیەوە (یان برێم) کونسووڵی گشتی فەڕەنسا لە ھەولێر سوپاسی مەکتەبی سیاسی پارتی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارەو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دەستبەکاربوونی وەک نوێنەری دیپلۆماتی فەڕەنسا لە ھەولێرو پەیوەندی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا بەسەرکەوتووی مێژوویی وەسف کردوو ھیوای خواست ھەرێمی کوردستان ھەر لە گەشە سەندندا بێت.


ئەم بابەتە 12006 جار خوێندراوەتەوە