فه‌رمانده‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان : گرینگه هێزی پێشمه‌رگه له ئاماده‌باشی ته‌واودا بێت بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی هێرش
فه‌رمانده‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان باس له مه‌ترسییه‌كانی داعش له ناوچه گه‌رمه‌كانی جه‌نگ ده‌كه‌ن و ئاماژه به‌وه ده‌كەن كه ئه‌وه‌ی گرینگه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له ئاماده‌باشی ته‌واودا بێت بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی هێرشی داعش و بوونی چه‌كدارانی داعش‌یش به‌هۆی هاتووچۆی به‌رده‌وامی چه‌كدارانیانه له سووریاوه بۆ عێراق.
دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو داعش هێرشی كرده سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له سنووری گه‌رمیان و كوڵه‌جۆ، ئه‌م هێرشه‌ی داعش لە سنووری لیوای پێنجی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، تەقەیان لە ڕەبایەیەکی ھێزی پێشمەرگە کردووە و چەند پێشمەرگەیەک بریندار بوون، ھەمەرێکی پێشمەرگەش کە بە ھانای ئەو پێشمەرگە بریندارانەوە ڕۆیشتوون، لە ڕێگادا بۆمبێکیان پێدا تەقیوەتەوە، کە بەو ھۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەھید بوون و چوار پێشمەرگەش پێشتر بریندار ببوون.
شێوه‌ی تاكتیكی داعش له ناوچه‌كه له سه‌ربازی و جوگرافیاشه‌وه گۆڕاوه، له‌و ناوچانه‌ی كه بۆشایی ئه‌منی هه‌یه هه‌وڵ زیاتر ده‌ده‌ن كه له سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه نزیك ببنه‌وه، ئه‌مه له كاتێكدایه ماوه‌یه‌كه چالاكیی داعش له سنووری كوردستان و له عێراقیش زۆر بووه و داعشه‌كان به چه‌كی تازه و پێشكه‌وتووه‌وه تا ئێستا له ماوه‌ی دوو مانگدا ٥ جار په‌لاماری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان داوه و سه‌رئه‌نجام چه‌ند پێشمه‌رگه‌ش شه‌هید بوون.
سه‌رجه‌م سه‌رچاوه سیاسییه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه چۆن داعش له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا توانیی به‌و شێوه‌یه به‌هێز ببێته‌وه، عه‌مید عوسمان محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌ری گشتی ڕاگه‌یاندن و هۆشیاری نیشتمانی له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ڕایگەیاندووە : ''به‌داخه‌وه داعش توانیویه‌تی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی خۆی له‌و ناوچانەی كه مه‌ترسین، دابین بكات، به‌تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌ی كه ته‌ماسی هێزی پێشمه‌رگه و سوپای عێراقن، جووڵه و چالاكیان زۆره و داعش ده‌توانێت به‌ئاسانی هێرش بكات و ئه‌و دڵنیایه‌مان دایه هه‌موو لایه‌ك ئه‌گه‌ر هه‌ماهه‌نگی درووست نه‌بێت له نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراقدا، جووڵه و چالاكی داعش به‌هێزتر ده‌بێت و جۆری دیكه ده‌بێت و پێشووتر هۆشداریمان داوه له به‌هێزبوونی داعش و ئه‌وه‌ش ده‌رئه‌نجامه‌كه‌یه‌تی، ڕه‌نگه ئه‌وان كاری دیكه و چالاكی دیكه ده‌كه‌ن و به‌داخه‌وه له‌پاڵ داعشه‌وه هه‌ندێك گرووپ و ته‌یاری دیكه بتوانن به‌ناوی داعشه‌وه عه‌مه‌لیه‌ی دیكه بكه‌ن، به‌تایبه‌ت له‌ناو عێراق و سنووری هێزی پێشمه‌رگه و گومانمان هه‌یه به‌شێك له‌و گرووپانه به‌ناوی داعشه‌وه عه‌مه‌لیاتی دیكه بكه‌ن، ئێمه دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه په‌یوه‌ندیمان له‌سه‌ر بنه‌مایەکی دروست بێت له نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه تا ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش ئه‌نجام بدرێت، به‌تایبه‌ت له دوبز و قه‌ره‌چۆغ و هه‌ندێك ناوچه‌ی دیكه كه داعش ده‌توانێت به‌ئاسانی عه‌مه‌لیاتی بكات.
به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: داعش ده‌یه‌وێت به‌ره‌ی فراوان له‌دژی پێشمه‌رگه و سوپای عێراق بكاتەوە و ئەوەش مه‌ترسییه‌كی خێرا و جددییه و ده‌بێت به زووترین كات چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌مه‌ش به‌وه ده‌كرێت هه‌ماهه‌نگی له نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراقدا زیاتر بكرێت، ئێستا دوو لیوای هاوبه‌ش درووست كراوه، ئه‌و دوو لیوایه به‌شێكه له‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی له نێوان ئێمه و سوپای عێراقدا هه‌یه، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه زیاتر بكرێت و له ئاستی دوو لیوادا نه‌مێنێته‌وه.
ئه‌كره‌م ساڵح، به‌رپرسی لقی گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند : ناوچه‌ی كوڵه‌جۆ ده‌كه‌وێته باشووری قه‌زای كه‌لار و نێوان قه‌زای كه‌لار و ناحیه‌ی گوڵاڵه، ئه‌و ناوچه‌یه هه‌میشه مۆڵگه‌ی تیرۆریستانی داعش بووه، به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی ناوچه‌ی جوگرافیا سوودیان له‌وه وه‌رگرتووه و چالاكی ده‌كه‌ن، زۆر جار له‌وێوه هێرش كراوه‌ته سه‌ر پێشمه‌رگه و سوپای عێراق، به‌داخه‌وه شه‌وی ڕابردوو داعش هێرشی كرده سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه كه لیوای ٥ی پیاده‌یه و له‌ئه‌نجامی هێرشه‌كه‌یان ٣ پێشمه‌رگه بریندار ده‌بێت و هێزێكی پێشمه‌رگه به ئۆتۆمبێلی هه‌مه‌ر بۆ هاوكاری ئه‌و سه‌نگه‌ره‌ی هێرشی كراوه‌ته سه‌ر، دەڕۆن به هانای ئه‌و سه‌نگه‌ره‌وه و له ڕێگادا عه‌بوه‌یه‌كیان پێدا ده‌ته‌قێته‌وه و ده‌بێته هۆی سووتانی ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازی له جۆری هه‌مه‌ر و شه‌هیدبوونی ٥ پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان كه دووانیان پله‌یان ڕائیده و برینداربوونی پێشمه‌رگه‌یه‌ك و ئه‌و ناوچه به شێوه‌یه‌كی گشتی دوای كۆتاییهاتنی داعش هه‌میشه نائارام و جووڵه‌ی داعشی لێ بووه.
ووتیشی: به‌داخه‌وه له‌و ناوچانه بۆشایی ئه‌منی هه‌یه له نێوان پیشمه‌رگه و سوپای عێراق و داعش سوودی له‌و بۆشاییه وه‌رگرتووه بۆ ئه‌وه‌ی ناوه به ناوه كاری تیرۆریستی بكه‌ن. داعش به‌پێی تاكیتكی خۆیان ئاڵوگۆر به چه‌كداره‌كانیان ده‌كه‌ن، ماوه‌یه‌كه جووڵه‌یان له‌م ناوچه‌یه زیادی كردووه و وا باس ده‌كرێت ئه‌میری ناوچه‌ی دیاله‌یان گۆڕیوه و كه‌سێكه ئیستا له سووریاوه هاتووه به‌رپرسیاریه‌تیی ئه‌و ناوچه‌یەی گرتووه‌ته ئه‌ستۆ و به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیایی ناوچه‌كه بوونی ڕیشه‌یه‌كی تیرۆریستانی داعش له‌ناو خه‌ڵكی ناوچه‌كه به‌تایبه‌ت له‌ناو عه‌رەبە شۆڤێنییه‌كان وای كردووه كه به‌رده‌وام جووڵه بكه‌ن، جگه له‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی له كاتی نه‌مانی داعش وازیان هێناوه، ئێستا گه‌ڕاونه‌ته‌وه ناو حه‌شدی شه‌عبی و به‌تایبه‌ت عه‌سائیب له جه‌له‌ولا كه وا وێنا كراوه به ڕۆژ له ئه‌ركن و به شه‌ویش هاوكاری ئه‌م گرووپانه ده‌كه‌ن.
ئه‌كره‌م ساڵح ئه‌وه‌شی خسته ڕوو: به‌گشتی هێڵێك هه‌یه كه له ناوچه‌ی نه‌وتخانه ده‌ست پێ ده‌كات به‌ره‌وه و باشووری دووزخورماتوو تا مووسڵ، ئه‌م هێله جووڵه‌ی تیرۆریستانی داعشه و سوودیان له‌و بۆشاییه وه‌رگرتووه و به‌رده‌وام جووڵه‌یان هه‌یه و ئه‌مه‌ش ناوچه‌ی جێناكۆكن و جیا له‌وه‌ش، زنجیره‌چیای حه‌مرین له‌و ناوچانه شوینێكی گرنگه و حه‌شارگه‌ی تیرۆریستانه و دوای ڕووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ش پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه كشاونه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش بۆشای ئه‌منی درووست كردووه.
جیا له ووته‌ی لایه‌نه په‌یوه‌ندیاره‌كان، ئه‌وه‌ی باس ده‌كرێت، سه‌رچاوه داراییه‌كانی داعش جۆراوجۆرن، توانا سه‌ربازییه‌كانیان به ماددی ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌ی داراییان نه‌بێت ئه‌م چه‌كانه‌یان چۆن ده‌ست كه‌وت و هاوكارییان ده‌كرێت و پاره‌یان پێ ده‌گات و ژماره‌ی داعش له عێراق له سه‌رووی ٣ هه‌زار چه‌كداره و چه‌كی پێشكه‌وتوویان زۆره و تاكتیكی شه‌ڕیان گۆڕیوه و ده‌یانه‌وێت ڕۆڵی نوێ له عێراق بگێڕن، ئه‌و چه‌كدارانه له حه‌وزی چیای قه‌ره‌چۆغ و ده‌شتی گه‌رمیان و حه‌مرین زۆر بوون.
مه‌لا ڕه‌حیم گه‌رمیانی، فه‌رمانده‌ی هێزی پیشمه‌رگه و جێگری به‌رپرسی میحوه‌ری گه‌رمه‌سێری هێزی پیشمه‌رگه، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''كاتی خۆیشی كه داعش ده‌وڵه‌تی نه‌ما، ڕاسته وه‌ك سنووری ده‌وڵه‌ت نه‌ما، به‌ڵام وه‌ك هێز و گرووپی پارتیزانی له سه‌رتاسه‌ری عێراق ماون و له سنووره‌كانی ناوچه‌ی گه‌رم له دوولاوه هه‌ڕه‌شه‌مان له‌سه‌ره، یه‌كه‌م هه‌بوونی داعش له‌و ناوچانه و دووه‌م بوونمان وه‌ك كورد، كه وه‌ك داگیركه‌ر ته‌ماشا ده‌كرێین، كه‌چی خاكی خۆشمانه، بۆیه داعش ماوه و جووڵە‌شیان هه‌ر هه‌یه.''
ووتیشی: داعش له زۆر كاتدا ناوه به ناوه په‌لامارمان ده‌دات، چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو زانیاریمان پێ گه‌یشت كه ئامۆزای ئەبووبەکر به‌غدادی له‌و ناوچانه بووه كه هێرش كرایه سه‌ر پێشمه‌رگه و ئاگاداری پلانێكی له‌و شێوه‌یه بووین، ئه‌مشه‌وی ڕابردووش به‌داخه‌وه كه ڕووی دا و بووه هۆی شه‌هیدكردنی چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كمان.''
ڕاشیگه‌یاند: ''له كاتی هاتنی ئه‌و ئامۆزایەی ئەبووبەکر به‌غدادیدا بۆ سنووری ئه‌و ناوچانه‌ی كوردستان و عێراق، پیشبینی كرابوو كه داعش هێرش ده‌كات.''
ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە