فڕاکسیۆنی پارتی : فڕاکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ئامادە نەبوون بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکەن".
پەیامی کورد ... فڕاکسیۆنی پارتی : فڕاکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ئامادە نەبوون بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکەن".
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ئەنجوومەنی پارێزگاری ھەولێر، ھەرسێ فڕاکسیۆنی پارتی و تورکمان و کریستیان داوایان لە بەغدا کرد پێداچوونەوە بە ھاوکاری زیان لێکەوتووانی لافاوەکەی ھەولێر بکات، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتیش دەڵێ، ھەندێ فڕاکسیۆنی ناو ئەنجوومەن، ئامادە نەبوون لەسەر لافاوەکە بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن.
کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ بە واژۆی ١٢ ئەندامی ئەنجوومەن، فڕاکسیۆنی پارتی و تورکمان و کریستیان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەن، کۆبونەوەیەکی نائاساییمان لەبارەی لافاوەکەی شاری ھەولێر و ھاوکارییەکەی بەغدا ئەنجام دا، بەڵام فڕاکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ئامادە نەبوون بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکەن".
سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی ووتیشی: "لافەوەکەی ھەولێر ھیچ پەیوەندی بە پرسی سیاسییەوە نییە و ئەرکی ھەموومانە کار بکەین بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان و ھەر لە یەکەم ساتی رووداوەکەشدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەت بوونە بۆ بەھانەوەچوونی ئەو ھاووڵاتیانەی بە هۆی لافاوەکەی رۆژی ھەینی زیانیان بەرکەوتبوو".
خەیلانی روونیشی کردەوە: "بەھانەوەچوونی زیان لێکەوتووانی لافاو ئەرکی ھەموو لایەکە و سوپاسی پارێزگای دھۆک و خەڵکی ھەڵەبجە و سلێمانی دەکەین، کە ھاوکار بوون لەگەڵ خەڵکی ھەولێر، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی بەغدا دابینی کردووە بۆ لافاوەکەی ھەولێر، زۆر کەمە و ئەرکی حکوومەتی عێراقە ھاوکاری ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بکات، چوونکە ئەمە حەوت ساڵە بەشە بوودجەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بڕدراوە لەلایەن بەغداوە و ناردنی دوو ملیار دیناریش زۆر کەمە بە گوێرەی قەبارەی زیانی لافاوەکەی ھەولێر".
ناوبراو دەشڵێ: "ئێمە داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ دەکەین پێداچوونەوە بەو بڕیارەی خەرجکردنی پارە بۆ زیانلێکەوتووانی شاری ھەولێر بکات و وەک ھەموو ووڵاتانی جیھان ئەرکی خۆی لە قەرەبووکردنەوە و گەیاندنی ھاوکاری بە زیان لێکەوتووان جێبەجێ بکات".
ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە