فڕۆكەكانی توركیا رۆژئاوای کوردستانیان بۆردوومانكرد

پەیامی کورد    ...   فڕۆكەكانی توركیا رۆژئاوای کوردستانیان بۆردوومانكرد

فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا رێگای سەرەكی دربێسیێ- عاموودایان لە رۆژئاوای كوردستان بۆردوومان كرد.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا یەك ئۆتۆمبێلی كردووەتە ئامانج و بۆردوومانی كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانە ٤ كەس كە ٣ ژن و پیاوێكن بریندار بوون لە ئەنجامی هێرشەكەدا.

ئەم هێرشە دوای زنجیرە هێرشە ئاسمانییەكەی پێرێ شەو بوون بۆ سەر چەند شارێكی باشوور و رۆژئاوای كوردستان.

لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا شەوی رابردوو مووشەكبارانی هێزەكانی توركیا لە سنووری پارێزگەی نەینەوا كرا و بەپێی سەرچاوەكان كوژراو لە ریزەكانی سووپای توركیادا هەبوون.

مووشەكبارانەكە دوای هەڕەشەكانی قەیس خەزعەلی یەك لە رێبەرانی هێزەكانی حەشدی شەعبی دێت كە هەڕەشەی لێدانی توركیای كردبوو بە تووندی لە باشووری كوردستان لە كاردانەوە بە بۆردوومانكردنی باشووری كوردستان.

لای خۆیەوە كەریم وەیسی ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشووری كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند توركیا لە یەك كاتدا هێرشی كردووەتە سەر دوو پارچەی كوردستان، هاووڵاتی سڤیلی كردوون بە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشكرد توركیا شەڕی كوردان دەكات بە چەندین رێگا بە فڕۆكە و چەك، بە داعش و چەتەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا.

داواشی لە نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد هەڵوێستیان بەرامبەر هێرشەكانی توركیا هەبێت.

راشیگەیاند لە كەمپی مەخموور ٢ كەس كوژران و ١١ كەسیش بریندار بوون و ژەهراوی بوون بە بۆردوومانەكەی فڕۆكە جەنگییەكان.

ئاماژەی بەوەشكرد لە یەكێتی ئەورووپا و كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ نوێنەرانی هەدەپە كاریان بۆ شەنگال و كەمپی مەخموور كردووە، بەڵام توركیا سنوور و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان ناناسێت.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە