فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بۆ جارێکی دیکە نزیک ''دیمەشقـ''ـیان بۆردومان کرد

پەیامی کورد     ...   فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بۆ جارێکی دیکە نزیک ''دیمەشقـ''ـیان بۆردومان کرد

تەلەڤیزیۆنی فەرمی سووریا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی نۆڤەمبەر لە زاری بەرپرسێکی نیزامی ئەو ووڵاتە باسی لەوە کرد کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر نزیک دیمەشق.

ئەو بەرپرسە نیزامییە وتوویەتی کە ئەو هێرشە زیانی ماددی لێ کەوتووەتەوە.

شەممەی ڕابردووش هەواڵدەری ''ئەلجەزیرە'' بڵاوی کردبووەوە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل ناوچەیەکیان لە نزیک دیمەیشق بۆردومان کردبوو. بەڵام ئەرتەشی سووریا ڕایگەیاندبوو کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەو ووڵاتە چەند مووشەکی زەوی بە زەوی کە لە باکووری ئیسرائیلەوە هاویشترابوون، بەرداوەتەوە.

گرووپێکی چاودێر بەسەر ئاڵوگۆڕەکانی سووریا وتبووی کە لە هێرشی ڕۆژی شەممەدا ٥ کەس لە هێزە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژران.

ئیسرائیل لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو لە ڕاستای پێشگرتن لە جێگیربوونی هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە سەدان هێرشی نیزامی دژی ئەو هێزانە لە خاکی ئەو واڵاتە ئەنجام داوە.

لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لە ساڵی ٢٠١١وە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران یەک لەوان گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان لە شوێنە جیاجیاکانی سووریا جێگیر کراون و ئیسرائیل بوونی ئەو ‌‌هێزانە بۆ ئەمنییەتی خۆی بە مەترسی دەزانێت.

هێزی ئاسمانی ئیسرائیل زستانی ساڵی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا وتبووی کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی نزیکەی ٥٠ شوێنی کردووەتە ئامانج کە بووەتە هۆی ئەوەیکە جمووجۆڵەکان و هەژموونی ئێران لە سووریا کەم ببێتەوە.


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە