فۆئاد حسێن : ئەگەری ئەوە هەیە عێراق بکەوێتە شەڕێکەوە بەهۆی هێرشە تۆڵەکەرەوەکانی ئەمریکا و هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران ەوە

پەیامی کورد   ...  فۆئاد حسێن : ئەگەری ئەوە هەیە عێراق بکەوێتە شەڕێکەوە بەهۆی هێرشە تۆڵەکەرەوەکانی ئەمریکا و هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران 

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئەمریکا و هێرشی گرووپە چەکدارەکان لەوانەیە عێراق بەرەو جەنگ ببەن، لەوبارەیەوە نامەیەکی هۆشدارکردنەوەیان ئاڕاستەی گرووپە چەکدارەکان کردوە و هەمان ئەو نامەیەش ئاڕاستەی ئێران کراوە و ووتیشی، "نیگەرانین لە دەسەڵاتی هەموو ئەو لایەنانەی لە عێراقدا هەیە، نەک تەنها ئێران، هەولیش دەدەین سەرجەم ئەو هەژموونانە نەهڵێن و سەرجەم بڕیارەکانی عێراق لە بەغداوە بدرێت." 

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی (بی بی سی) بەریتانیایی راگەیاند، لەوانەیە عێراق بکەوێتە جەنگێکەوە بەهۆی هێرشی تۆڵەسەندنەوەکانی ئەمریکا و هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران.

ئاماژەی بەوەش کرد، نیگەرانییەکانی ئێستای ئێران و ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، هیوادارن هەردوولا لە هێرشەکانیان بوەستن، چوونکە کێشەکانیان لە خاکی عێراقدا چارەسەر نابێت.

فوئاد حسێن ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە دانووستانەکانی کشانەوەی دوو هەزار و 500 سەربازە ئەمریکییەکان دەست پێبکات، کە لە ساڵی 2014 وەک راوێژکاری سەربازی بۆ هاوکاریکردن لە رێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش هاتنە عێراق، چوونکە ماوەی مانەوەیان تێپەڕاندوە.

باسی لەوەشکرد، زۆربەی گەلی عێراق نایانەوێت هێزە بیانییەکان لە ووڵاتەکەدا بمێننەوە، ئەو ئەمریکییانەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بانگهێشت کراون دانووستانیان لەگەڵ دەکەن، ئەو ئەمریکیانەی بەبێ بانگهێشت هاتوونەتە عێراق دەبێت ووڵاتەکە جێبهێڵن.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، گرووپە چەکدارەکان لە ئێستادا ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەک دەبنەوە، ئەویش بریتییە لە گۆڕانی عێراق، چوونکە وتەکانی ئەو گرووپانە لە ماوەی رابردوو بە مانای هەڕەشە بۆ سەر ووڵاتەکە دەهات.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، نامەیەک ئاڕاستەی گرووپە چەکدارەکان کراوە و پێیان ووتراوە، ئەگەر بەردەوام بن ئەوا عێراق بەرەو جەنگ دەبەن، هەمان ئەو نامەیەش ئاڕاستەی تاران کراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، نیگەرانە لە دەسەڵاتی هەموو ئەو لایەنانەی لە عێراقدا هەیە نەک تەنها ئێران، ئەوان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هەژموونی ئەو لایەنانە نەهێڵن، بڕیارەکانی عێراق پێویستە لە بەغداوە دەربچێت.


ئەم بابەتە 12051 جار خوێندراوەتەوە