فینله‌ندا له‌ پشتگیری هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت

پەیامی کورد      ...      فینله‌ندا له‌ پشتگیری هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/12/6 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ماتى لاسیلا باڵیۆزى تازه‌ى فینله‌ندا له‌ عیراق كرد.

له‌ دیدارێكدا نێچیرڤان بارزانى بۆ ده‌ستبه‌كاربوونى و بۆ ڕۆژى سه‌ربه‌خۆیی فینله‌ندا پیرۆزبایى لێكرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خۆى و گه‌ل و حكوومه‌تى ووڵاته‌كه‌ى خواست، هه‌روه‌ها سوپاسى هه‌رێمى كوردستانى بۆ فینله‌ندا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵى 2015ـه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژى داعشدا، هاوكارى و پشتگیری هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.

باڵیۆزى فینله‌ندا ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ ووڵاته‌كه‌ى به‌ بایه‌خ و گرینگییه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عیراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و خوازیاره‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا بره‌وى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان بدات، جه‌ختى له‌وه‌ش‌ كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیدا، له‌ هاوكارى و پشتگیریكردنى عیراق و هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.

تاوتوێكردنى هه‌ڵبژاردانه‌كانى عیراق و هه‌نگاوه‌كانى پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى عیراق، ئاماده‌یى و پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ پرۆسه‌ى سیاسی عیراقدا، گرینگی سه‌قامگیری سیاسى، پرسى كۆچ و كۆچبه‌ران و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.


ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە