فەرمانبەرێکی پێشووی وەزارەتی هەواڵگری ئێران لە سەر " ڕۆحۆڵڵا زەم " زانیاری نوێ و گرینگ بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... فەرمانبەرێکی پێشووی وەزارەتی هەواڵگری ئێران لە سەر ڕۆحۆڵڵا زەم زانیاری نوێ و گرینگ بڵاو دەکاتەوە
فەرمانبەرێکی پێشووی وەزارەتی ئیتلاعات هەواڵگری ئێران ڕایگەیاند : لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەفسەرێکی فەڕەنسەوی، "ڕۆحۆڵڵا زەم" ڕادەستی ئێران کراوە
''ئەکبەر خۆش کۆشک'' کە لە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێراندا بووە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ''ڕوویداد ٢٤'' بەرامبەر چۆنیەتی ڕادەستکردنی ''ڕۆحۆڵڵا زەم'' بەڕێوبەری ''ئامەد نیووز'' کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارەدرا ، زانیاری خستووەتە ڕوو.
ئەو ماڵپەڕە باس لەوە دەکات کە لە کاتی هێرشی داعش لە عێراق، ئەفسەرێکی ئەمنییەتی فەڕەنسەوی کە بە ناوی ساختە و بە مەبەستی بە دەستهێنانی زانیاری ببووە ئەندامی داعش، لەلایەن گرووپە نیابەتییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر دەکرێت و دوای لێکوڵینەوە شوناسی ناوبراو دەردەکەوێت.
ئەو ماڵپەڕە لە زاری ''ئەکبەر خۆش کۆشک'' کە لە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران کاری کردووە نووسیویەتی، دەوڵەتی فەڕەنسا بۆ ئازادکردنی ئەو ئەفسەرەی خۆی پەیوەندی بە ڕێژیمی ئێرانەوە کردووە و لە بەرامبەریشدا ئێران داوای ڕادەستکردنەوەی ''ڕۆحۆڵڵا زەمـ''ـی کردووە.
بە ووتەی ئەو سەرچاوەیە ''ڕۆحۆڵڵا زەم'' لە سیناریۆیەکدا دەنێردرێتە عێراق و پاشان لەوێ دەست بەرسەر دەکرێت و ڕەوانەی ئێران دەکرێت.
''ڕۆحوڵڵا زەم'' دژبەری ڕێژیمی ئێران و بەڕێوبەری ''ئامەد نیووز'' کە لە ووڵاتی فەرەنسا پەنابەر بوو، دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە سەفەرێکدا بۆ عێراق دەستبەسەر کرا و بۆ ئێران ڕاگوێزرا و ڕەوانەی زیندان کرا و بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، دادسەرای گشتی و شۆڕشی ڕێژیمی ئێران لە بەیاننامەیەکدا لەسێدارەدانی ناوبراوی ڕاگەیاند.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە