فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا کوشتنی بەرپرسێکی باڵای داعش لە سووریا رادەگەێنێت

پەیامی کورد   ...  فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا کوشتنی بەرپرسێکی باڵای داعش لە سووریا رادەگەێنێت

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان لە ئۆپراسیۆنێکی سەربازی دا دوو بەرپرسانی باڵای داعشیان لە رۆژهەڵاتی سووریا کوشتوە کە یەکێکیان ناوی "ئەنەس" بوە و بەرپرسی ویلایەتی سووریای رێکخراوەکە بوە، جەختیش دەکاتەوە کە واشینتۆن پابەندە بە گەرەنتی لاوازکردنی زیاتری داعش و سەرهەڵنەدانەوەی تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕاگەێندراوێکدا باسی لەوەشکردوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەرەنتیکردنی تێكشکانی داعش و پاراستنی ئارامی و ئاسایش لە سووریا، هێزەکانیان لە ئۆپراسیۆنێکدا دوو سەرکردەی داعشیان لە رۆژهەڵاتی سووریا کوشت.

ئەوەش هاتووە،  یەکێک لەو سەرکردانەی کوژراوە ناوی "ئەنەس" بوە و بەرپرسی ویلایەتی سووریای رێکخراوەکە بوە، کوشتنی ئەو بەرپرسانەش تواناکانی داعش بۆ تێکدانی ئارامی لە سووریا پەک دەخەن.

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت، واشینتۆن پابەندە بە  گەرەنتی لاوازکردنی زیاتری داعش و سەرهەڵنەدانەوەی تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەختیش دەکاتەوە لەوەی لەو ئۆپراسیۆنەدا هیچ هاووڵاتییەکی سڤیل نەکراوەتە ئامانج و نەبوە بە قوربانی.

تائێستا هاوپەیمانان سێ کەسی یەکەمی داعشیان کوشتوە و بە دەیان سەرکردەی دیکەی ئەو رێکخراوەش کوژراون یان دەستگیرکراون، هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی سووریای دیموکرات بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، رۆڵی بەرچاویان هەبوە لە تێکشکاندنی رێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە