فەرماندەیەکی نیزامی ڕێژیمی ئێران لە سووریا لە لایەن ئیسرائیل ەوە دەڕفێندرێت

پەیامی کورد     ...   فەرماندەیەکی نیزامی ڕێژیمی ئێران لە سووریا لە لایەن ئیسرائیل ەوە دەڕفێندرێت

ڕۆژنامەی عەرەبی ''رای ئەلیوم'' چاپی لەندەن باسی لەوە کردووە، ڕێکخراوی هەواڵگری ئیسرائیل ناسراو بە ''مووساد'' مانگی ڕابردوو فەرماندەیەکی نیزامی ڕێژیمی ئێرانی لە سووریا ڕفاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە، ئەمە بەشێک لە ئۆپراسیۆنی نهێنی مووساد بۆ بەدەستهێنانی زانیاری دەربارەی ''ڕۆن ئاراد'' فڕۆکەوانی بێسەروشوێن بووی ئیسرائیلی بووە.

ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوە کردووە کە مووساد ئەو فەرماندەیەی ڕێژیمی ئێرانی بۆ ووڵاتێکی ئەفریقی بردووە و دوای لێکۆڵینەوە، ئازادی کردووە.

''رای ئەلیوم'' نووسیویەتی، ڕێژیمی ئێران لە بەرامبەر ئەو هەوڵەی ئیسرائیلدا ویستوویەتی بازرگانێکی ئیسرائیلی لە ووڵاتی قۆبرس تێرۆر بکات کە سەرکەوتوو نەبووە.

''ڕۆن ئاراد'' فڕۆکەوانێکی ئیسرائیلی بوو کە لە کاتی ئۆپراسیۆن لە شەڕی ناوخۆیی لوبنان لە ساڵی ١٩٨٦ بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە ناچار بوو لە ئاسمانی ئەو ووڵاتەدا خۆی بخاتە خوارەوە کە لەلایەن هێزەکانی سەر بە ''ئەمەل'' کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پەیوەندیی نزیکیان هەبوو، دەستبەسەر کرا و ڕادەستی سوپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانیان کرد.

ئیسرائیل لەو کاتەوە هەتاکو ئێستا چەندین ئۆپراسیۆنی لە سەرانسەری جیهان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر چارەنووسی ''ئاراد'' ئەنجام داوە کە یەک لەوانە چەندین ئەندامی گرووپی حیزبۆڵڵای لوبنانی دەسبەسەر و لێکۆڵینەوەی لێ کردوون. هەروەها پێشنیاری ١٠ ملیۆن دۆلاری بۆ هەر چەشنە زانیاری دەربارەی ئەو فڕۆکەوانە داوە.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە