فەرماندەی سوپای قودس ی سەر بە سوپای پاسداران هۆشداری تۆڵە کردنەوە لە ناو خاکی ئەمریکا دەدات
پەیامی کورد ... فەرماندەی سوپای قودس ی سەر بە سوپای پاسداران هۆشداری تۆڵە کردنەوە لە ناو خاکی ئەمریکا دەدات
فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسداران رایگەیاند، دوور نییە هەر لە ناوخۆی ئەمریكاوە كەسانێك تۆڵەی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودس بكەنەوە.
ئیسماعیل قائانی فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە میانەی ووتارێكدا لە رێورەسمی ساڵیادی كوژرانی قاسم سلێمانی كە لە زانكۆی تاران بەڕێوەچوو، راشیگەیاند، لە رۆژانی رابردوودا و لە سەروبەندی كوژرانی قاسم سولەیمانیدا "رۆڵە ئازاكانی عێراق" چەند جووڵەیەكیان كردووە و هێزەكانی ئەمریكا لەو ووڵاتە بە جۆرێك تۆقیون كە تووندترین رێكاری ئەمنیان گرتوەتەبەر.
لە رۆژانی رابردوودا بە مووشەك هێرشكرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و ئێرانیش رەتیكردەوە پەیوەندی بەو هێرشەوە هەبێت.
بەرەبەیانی رۆژی سێی كانونی دووەمی ساڵی 2020 لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكادا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا هەر یەك لە قاسم سلێمانی و ئەبوومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی كوژران و چەندین جار بەرپرسانی باڵای تاران جەختیان لەوە كردوەتەوە كە تۆڵەی ئەو بەرپرسە سەربازییانە دەكەنەوە.
لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵیادی كوژرانی قاسم و سلێمانی و ئەبوومەهدی موهەندیس ئەمریكا رێوشوێنە ئەمنی و سەربازییەكانی لە عێراق و ناوچەكە تووندكردوەتەوە.
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە