فەرماندەی هێزی زەوینی سوپای پاسداران هۆشداری تووند دەداتە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان
ئەگەرى هێرشى کۆمارى ئیسلامى بۆ سەر حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانى هەرێمى کوردستان نزیکە
بە گوێرەی هەواڵ و زانیارییەکان فەرماندەی هێزی زەوینی سوپای پاسداران هۆشداری تووند دەداتە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان کە لە بنکە و بارەگاکانی حیزبە کوردستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دووربکەونەوە، چوونکە وەک خۆی دەڵێت" ووڵامی تیرۆریستەکان دەدەینەوە".
موحەممەد پاکپور، فەرماندەی هێزی زەوینی سوپای تیرۆریستى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى کە ئێستا لە خاڵە سنوورییەکانى پارێزگاى ورمێیە بۆ سەردانى بارەگا و بنکەکانى سوپاکەى، وەک کاردانەوە بەرامبەر بە جووڵەى پێشمەرگەکانى حێزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، هەڕەشەى کرد و هێزە تیرۆریستییەکەى خۆى بە ئامادە نیشان دا بەرامبەر بە هەر جووڵەیەک کە "دژى ئێران!" بکرێت.
موحەممەد پاکپوور بە ڕاگەیاندنەکانى کۆمارى ئیسلامى ڕاگەیاندووە : "دۆخى نائارامکردنى سنوورەکانمان چیتر جێگەى تەحەموول نییە و ووڵامى تووندى تیرۆریستەکان دەدەینەوە". سوپا نیووز کە میدیای تایبەت بە سوپاى پاسداران بڵاوى کردەوە کە ئەم فەرماندەیەی هێزی زەوینی سوپای پاسداران لە کاتى سەردانى بۆ یەکە و بنکە سنوورییەکانى پارێزگاى ورمێ، سەرەڕاى هۆشداریدان بە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە جووڵەى هێزە کوردییەکان و ناردنەوەى پێشمەرگەکانیان بۆ ناو ڕۆژهەڵاتى کوردستان، ووتوویەتى "ساڵیانێکە کە گرووپە تیرۆریستى و دژە ئینقیلابییەکانى سەر بە ئیستیکبارى جیهانى و ڕێکخراو و ناوەندە سیخووڕییەکانى بێگانە لە ناو باکوورى عێراق، خەریکى تێکدانى ئەمنیەت و ئارامى ناوچە سنوورییەکانى کۆمارى ئیسلامین و ئازار و ئەزیەت بۆ خەڵکى دانیشتووى ئەو ناوچانە درووست دەکەن و لەم بارەوە هۆشدارى پێویست دراوە بە عێراق و بەرپرسانى هەرێمى باکوورى ئەم ووڵاتە".
پاکپوور پێداگرى لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە "نابێت دەوڵەتى عێراق و هەرێمى کوردستان ڕێگەى جووڵە و مانەوە و دانانى بنکە بە تیرۆریستەکان بدەن لە خاکەکەیان کە دەبینە هۆى هەڕەشە و درووستبوونى نائارامى و هەر جۆرە پشت گوێ خستن و کەمکارى لەم بارەوە، ناتەبا و دژ بە نیەت پاکى لە بوارى دراوسێیەتى و پەیوەندییە باشەکانى هەردوولاى هەژمار دەکەین".
ئەم فەرماندەیەی هێزی زەوینی سوپای تیرۆریستى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى باسیشى لەوە کردووە کە "سەرنجدان بە دۆخى ناوچەکە و ئەگەرى ووڵامى تووند و پەشیمانکەرانەى کۆمارى ئیسلامى بەم گرووپە تیرۆریستییانەى سەر بە دوژمنانى سوێندخواردووى ئینقیلاب و نیزامى ئیسلامى کە لە هەرێمى باکوورى عێراق خۆیان مەڵاس داوە، خوازیارین لە دانیشتووانى ئەو ناوچانە کە لە بنکە و بارەگاى ئەو تیرۆریستیانە خۆیان بە دوور بگرن تا نەبادا زەرەیان پێ بگات".
لەم چەند حەوتوویەى ڕابردوو، چەندین جار هەواڵى لە دەستبەسەرکردن و گرتنى چەک و چۆڵى هێزە کوردییەکانى بڵاو کردەوە کە گوایە "بۆ کارى تیرۆریستى چوونەتە ناو خاکى ئێران"ـەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم هێزە کوردییانە و پێشمەرگەى کوردستان هەر ڕۆڵەى ڕۆژهەڵاتى کوردستانن و خەبات دەکەن بۆ بەدیهێنانى ئامانجەکانى گەلى کورد لە بن دەستى کۆمارى ئیسلامى کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە مافى گەلى کورد پێشێل دەکات و هیچ جۆرە مافێکى سەرەتایی بەو گەلە ڕەوا نابینێت.
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە