فەرەنسا هۆشداری دەداتە ئێران

پەیامی کورد   ...     فەرەنسا هۆشداری دەداتە ئێران

ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا، داوای لە “ئاژانسی ووزەی ئەتۆمی” کرد کە لە کۆبوونەوەی داهاتوویدا پەیامێکی ڕوون بداتە کۆماری ئیسلامی ئێران کە پێویستە بگەڕێتەوە بۆ جێبەجێ‌کردنی هەموو خاڵەکانی نێو بەرجام بەبێ دواخستن.

“ژان ئێڤ لۆدریان”، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا هۆشداری ‌دا کە ئەگەر بەشداری ڕێژیمی ئێران لە وتووێژەکانی ٢٩ی نۆڤەمبەر لە ڤییەنا ساختەکارانە بێ، بەرجام بە “پووچ و بێ‌ ناوەڕۆک” دەزانن، لۆدریان لە لێدوانێکدا کە ڕۆژی هەینی ١٩ی نۆڤەمبەر لە ڕۆژنامەی “لومۆند” بڵاو کرایەوە وتی: یەکەم نیشانەی ڕاستی لە ڤییەنا ئەوەیە کە ئایا وتووێژەکان لەگەڵ ئێران لەو شوێنەی کە لە مانگی ژۆئەنی ڕابردوو ڕاگیراوە، دەستپێدەکەنەوە یان نا و پێویستە کۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ هیچ مەرجێک بگەڕێتەوە بۆ جێبەجێکردنی هەموو بڕیارەکانی ئاژانس بەبێ دواکەوتن و بە جیددی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی ووزەی ئەتۆمی دەسپێبکاتەوە و بە تەواوی هەموو خاڵەکانی نێو بەرجام جێبەجێ بکات.

هەفتەی ڕابردوو “عەلی باقری” جێگری وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، دوای کۆتاییهاتنی سەردانەکەی بۆ بەریتانیا ووڵامی لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەورووپایی دایەوە سەبارەت بە دەستپێکردنی وتووێژەکان لە خاڵی کۆتایی پێش وەستان و ووتی: “پێویستە سەرەتا پرسی لابردنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران تاوتوێ بکرێ.”

جێی ئاماژەیە خولی نوێی ئەم وتووێژانە لە ٢٩ـی نۆڤەمبەر لە شاری ڤییەننا دەست پێدکاتەوە؛ ئەم وتووێژانە پاش هاتنەسەرکاری دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی تاکوو ئێستا ڕاوەستاوە.


ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە