فەڕەنسا داوا لە شەورای بڕیاردانی ئاژانسی نێونەتەوەیی دەکات پەیامێکی زۆر تووند ئاراستەی ئێران بکات

پەیامی کورد      ...   فەڕەنسا داوا لە شەورای بڕیاردانی ئاژانسی نێونەتەوەیی دەکات پەیامێکی زۆر تووند ئاراستەی ئێران بکات

"ئانە کلێر لگندرێ" ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا سەبارەت بە ڕاپۆرتی پێشووی ئاژانسی ئەتۆمی ڕێژیمی ئێران بە تووندی نیگەرانی دەربڕیوە و داوای لە شەورای بڕیاردانی ئاژانسی نێونەتەوەیی کردووە کە پەیامێکی تووند لەو پەیوەندییەدا بۆ ڕێژیمی ئێران بنێرێت.

هەروەها ئەو شەورایە بڕیارە حەوتووی داهاتوو بۆ ئەو مەبەستە دانیشتنێک پێک بهێنێ.

"لگندرێ" وتوویەتی: "ڕێژیمی ئێران دەبێ بەبێ کات بەفێڕۆدان بەڵێن و ئەرکەکانی سەبارەت بە ئاژانسی نێونەتەوەیی جێبەجێ بکات، هەروەها هاوکاری لەگەڵ ئاژانس دەست پێبکاتەوە و لە چوارچێوەی بەرجامدا بە بەڵێنییەکانی وەفادار بێت".

"سەعید خەتیب زادە" ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە دژکردەوەی بەو قسانەی ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا وتوویەتی: "ئێران وەکوو ئەندامێکی بەرپرسی ئاژانسی نێونەتەوەیی ووزەی ئەتۆمی، بەردەوام جەختی کردووەتەوە کە ئابڕووی ئاژانس وەکوو ناوەندێکی تەکنۆلۆژی و شارەزای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ لە هەرشێوە هەڵسوکەوت و کردەوەیەکی سیاسی بەدوور بێت".

ئاژانسی نێونەتەوەیی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندبوو کە پاشەکەوتکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ڕێژیمی ئێران بەرز بووەتەوە و "تاران" بەو کارەی بەڵێنییەکانی لە چوارچێوەی بەرجامدا پێشێل کردووە.


ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە